راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین گیانی لەدەستدا

‌د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین

وێستگه‌نیوزـ

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین کەمێک پێش ئێستا بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەداخەوە رایدەگەیێنین کە د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین گیانی لەدەستداوە. پێنج گولـلەی بەرکەوتووە و نەتواندراوە چارەسەر بکرێت".
 
پارێزگاری هه‌ولێر باسی له‌وه‌شكردووه‌: "ئەو تۆمەتبارەی ئەمڕۆ تەقەی لە راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین کردووە، پێشتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، "کەسێکی بزر نییە و دیارە، پێویستە لە زووترین کاتدا خۆی رادەستی بەردەم یاسا بکات".
 
تۆمەتبارەکە خوێندکارێکی زانکۆی سۆران بووە، ئومێد خۆشناو دەڵێت، "کێشەیەکی هەبووە و فەسڵ کراوە و لێرەش (لە زانکۆی سەلاحەدین) وەرنەگیراوە؛ هەربۆیە جگە لەم دوو مامۆستایە، هەڕەشەی لە کۆمەڵێک مامۆستا کردووە، لادەرێکە لە یاسا و دەکەوێتە بەردەمی یاسا".
 
ئومێد خۆشناو دڵنیایی بە کەسوکاری قوربانییەکان دا و وتی: "بە دڵنیاییەوە تۆمەتبار ناتوانێت لەبەردەم یاسا دەربازی ببێت و لە زووترین کاتدا دەستگیر دەکرێت".
 
د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین بەیانیی ئەمڕۆ لە زانکۆکە هێرش کرایەسەری و بریندار کرا، دوای بریندارکردنیشی، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
دوای هێرشکردنە سەر راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین، تۆمەتبارەکە هێرشی کردووەتە سەر د. ئیدریس عیززەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و ئەویشی کوشتووە. لەبارەی دەنگۆی رفاندنی د. ئیدریس عیزەت حەمەخانەوە پارێزگاری هەولێر وتی: "نەڕفێندراوە و هەڵیکوتاوەتە سەری و کوشتوویەتی".
 
لەبارەی برینداری سێیەمەوە کە پاسەوانی کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەدینە، پارێزگاری هەولێر وتی، "تەندروستیی باشە".


PM:12:01:28/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 2012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت