دادگای پێداچونەوە کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاکی لەلایەن کۆمپانیاکانەوە هەڵوەشاندەوە

‌لە ماوەی رابردوودا کۆمپانیاکان پارەی زبڵ و خاشاکیان لە هاوڵاتیان وەردەگرت

وێستگه‌نیوزـ

دادگای پێداچونەوەی ھەرێم بڕیاریدا لە سەر پوچەڵ کردنەوەی گرێبەستی کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک کە سپێردرا بوو بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، په‌رله‌مانتارێكی كوردستانیش ده‌ڵێت: "كه‌س پاره‌ی خۆڵ و خاشاك نه‌دات".


پارێزەر جەمال حەمەڕەشید، لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "داواکارییەکمان بردەوە لەسەر پوچەڵبوونی گرێبەستی کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک لە هاوڵاتیان کە سپێردرابوو بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت".  

دەشڵێت، هۆکارەکەش ئەوەیە کە "بەپێی یاسا کۆکردنەوەی رسومات و باجی دەوڵەت ئەرکی دەوڵەت خۆیەتی نەک بیدات بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت".  

ئه‌و پارێزه‌ره‌ ئه‌وه‌شی باسكردووه‌: "هەر بە پێی ئەم بڕیارەی دادگای پێداچوونەوە، لەمەودوا هاوڵاتیان دەتوانن پابەند نەبن بە پێدانی پارەی کۆ کردنەوەی خۆڵ و خاشاک".  

پارێزەر جەمال حەمەڕەشید دەشڵێت، "هەر بە هەمان پێودانگ لەسەر ئەم بڕیارەی دادگای پێداچوونەوە، بە هەمان شێوە کۆکردنەوەی پارەی ئاو لە لایەن کۆمپانیاوە نایاساییە و هاوڵاتیان دەتوانن پابەند نەبن تا ئەو کاتەی فەرمانگەی تایبەتمەند دەبێت خۆی هەڵسێت بە کۆکردنەوەی ئەو پارانە لە هاوڵاتیان".  

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "بە هەمان پێوانە ئەو گرێبەستەشی کە حکومەت لەگەڵ کۆمپانیا کردویەتی بۆ کۆکردنەوەی پارەی سزای کامێرەی هاتوچۆ بە هەمان شێوە نایاساییە".

لای خۆیه‌وه‌ دابان محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاری كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: "ھیچ کەسێک پارەی خۆڵ و خاشاک نەدات، چونكه‌ کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک لەلایەن کۆمپانیاوە نایاساییە و لە دادگا دۆڕاون".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "ئەم بابەتە زۆرگرنگە و شۆڕشێکی گەورەیە دژی مافیاکان".


PM:02:01:25/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 3208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو