چین بۆ ئەمریکا: بیر لەوە نەکەنەوە هاوکاری تایوان بکەن


وێستگەنیوز_

وانگ وێنبین، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هۆشداری دەداتە ئەمریکا لەوەی هاوکاری تایوان بکات یاخود دەستوەردان لە کاروبارەکانییان بکات. بایدن-یش دەڵێت، "چین یاری بە ئاگر دەکات".

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری ئەلعەرەبیە، لە پاش ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی نیازی هەیە بۆ دەستوەردانی سەربازی لە تایوان بکات بۆ پاراستنی دوورگەی تایوان لە ئەگەری لەشکرکێشی لەلایەن پەکین-ەوە.

راستەوخۆ دوای ئەم لێدوانە، وانگ وێنبین، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا کرد و داوای لە بایدن کرد کە ئیرادەی پتەوی پەکین بۆ پاراستنی سەروەری و کاروباری وڵاتەکەی بە کەم نەزانێت یاخود کەم نەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا نابێت بە هیچ جۆرێک هاوکاری ئەو گروپانە بکات کە دەیانەوێت لە تایوان جیاببنەوە. دەشڵێت، "نەکەن دەستێوەردان لە کاروبارەکان بکەن و سەروەریمان پێشێل بکەن."

ئەم لێدوانانەی چین دوای ئەوە هات کە سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی وڵاتەکەی بەرگری لە تایوان دەکات ئەگەر پەکین هێرش بکاتە سەر دوورگە ئۆتۆنۆمیەکە و جەختی کردەوە لەوەی، "چین یاری بە ئاگر دەکات".

لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا واشنتۆن دەستوەردانی سەربازی دەکات یان نا ئەگەر پەکین هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی دوورگەکە بدات بە زۆر، بایدن وتی، "ئەمە ئەو بەڵێنەیە کە دامانبوو، دەبێت پارێزگارییان لێ بکەین".



PM:02:06:23/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 1988 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت