كه‌شناسی واده‌ی كۆتایی هاتنی شه‌پۆلی خۆڵبارینی ئاشكرا كرد

‌خۆڵبارینی چڕ بەشێک لە پارێزگاکانی عیراقی گرتووەتەوە

وێستگه‌نیوزـ

به‌هۆی ئه‌و شه‌پۆلی خۆڵبارینه‌ چڕه‌ی شاری به‌غداو پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراقی گرتووه‌ته‌وه‌ به‌شێك له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان گه‌شته‌كانیان دواخست، هاوكات ده‌سته‌ی كه‌شناسی عیراقیش رایگه‌یاند، خۆڵبارینه‌كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ كۆتایی پێدێت.


میدیا عیراقییه‌كان بڵاویانكرده‌وه‌، زریانی خۆڵبارین کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە عیراقی گرتووەتەوە، بووەتە هۆی ئەوەی فڕۆکەخانەیەکی ئێران سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تاران و نەجەف هەڵبوەشێنێتەوە، هاوکات گەشتێکی هیندستان ناچار بووە لەبری بەغدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە بنیشێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینی لە ئێران وتی: "سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی ئەمڕۆ لە تارانەوە بۆ نەجەف و بە پێچەوانەوە هەڵوەشێنراونەتەوە تا كاریگه‌یرییه‌كانی خۆڵبارین كه‌مده‌بێته‌وه‌".

ئەمڕۆ دووشەممە، ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ئاگادارییەکی بۆ گەشتیاران بڵاوکردەوە بۆ داخستنی فڕۆکەخانەکە، دوای ئەوەی مەودای بینین گەیشتە 400 م و رایگه‌یاند، تا دۆخه‌كه‌ ئاسایی ده‌بێته‌وه‌ گه‌شته‌كان دواده‌خرێن.

لای خۆیەوە دەستەی کەشناسی عیراق رایگەیاند، لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە شەپۆلی خۆڵبارین دەست پێده‌كات و ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ كاریگه‌رییه‌كانی كه‌مده‌بێته‌وه‌ و به‌ره‌و نه‌مان ده‌ڕوات.


AM:10:13:23/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 25152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو