نوێنەری هەرێم لە تاران: دەمێکە ئاگاداری سەردانی کردنی شاندی هەرێم بۆ ئێران نین


وێستگەنیوز_

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند، دەمێکە وەکو نوێنەرایەتی هەرێم لە تاران ئاگاداری سەردانی کردنی شاندی هەرێم بۆ ئێران نین، چونکە لە دوای ریفراندۆمەوە سیستەمی پەیوەندییەکان زیاتر لە رێگای حزبکانەوەیە، نەک لە رێگای حکومەتەوە.

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وەڵامی ئەو پرسیارەی تا چەند ئاگاداری سەردانی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستانن بۆ ئەو وڵاتە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "حەز دەکەم بە ڕاشکاوی شتێک بڵێم، دەمێکە وەکو نوێنەرایەتی هەرێم لە تاران لەو هەڵسوکەوت و هاتۆچۆیانە ئاگادار نین وەک خۆی ، چونکە ئێستا هەموو شتەکان لە هەولێر و سلێمانیەوە لە ڕێگای کونسوڵگەرییەکانەوە ئەنجام دەدرێت، خۆیان لە پەیوەندیدان و شاندەکان ڕێکدەخن، بە تایبەتی ئەو شاندانەی ئەگەر بە فڕۆکەی تایبەت بێن و بگەڕێنەوە کەمتر ئێمە ئاگامان لێیە، منیش وەک ئێوە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بیستومە کە هاتوون".

سەبارەت بە سەردانیکردنی شاندی هەرێم بۆ ئێران بەشێوەیەک ئەوان ئاگاداری نەبن، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران دەڵێت، "ئەوە هەم خاڵی لاوازە، وە هەم ئاساییە، چونکە سیستەمی پەیوەندییەکان زیاتر لە رێگای حزبکانەوەیە، نەک لە رێگای حکومەتەوە، بە تایبەتی لە دوای ریفراندۆمەوە، چەندین جار شاندی ئێرانی چۆتە هەولێر و سلێمانی چاوی بە لایەنەکان کەوتووە، بەڵام پێی وانیە کەسێک گوێی لەوە بوبێت ئەو شاندانە چاوییان بە سەرۆکی حکومەت یا وەزیری ناوخۆ کەوتبێت بە ئاشکرا، بەڵکو ئەگەر روویدابێت لە چوارچێوەی ئەو پڕۆتۆکۆلەی کە پەیوەندییە حیزبیەکان هەیانە یەک لە بەرپرسەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بینیووە، چ یەکێتی یا خود چ پارتی.".

نازم دەباغ لەبارەی ئەوەی سەردانی کردنی شاندەکەی هەرێم بۆ ئێران پەیوەست بووبێت بە رێککەوتنی هەرێم و تاران بۆ رێگری کردن لە چالاکی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئاشکرایکردووە، "هەمیشە لەمکاتانەدا ئەو باسە هەبووە، لە ئەمساڵیش کە تورکیا پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدات بەناوی دەرکردنی پەکەکە، جۆرێک لە تێکەڵاوی دروست دەبێت لە لایەن هەموویانەوە کە رێگا لەو لایەنە سیاسییانە بگرن بۆ ئەوەی جارێکی تر لە هەوڵدا نەبن بۆ ئەوەی بێنەوە بۆ ئێران، کێشەی ئەمنی و ئاسایشی دروستبکەن تا پەلاماری ئێران بدەن، حکومەتی هەرێم، هەتا لایەنەکانیش چ یەکتی یا پارتی، هەمیشە جەختییان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت کە ئەم کارانە ئەنجام بدرێت، چونکە ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئێران بۆ یەک گرنگە."


AM:10:20:19/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 1804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو