نوری مالیکى: هەوڵى پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە و گۆڕینى وەزیرەکان نایاساییە


وێستگەنیوز_

سەرۆکى هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، هەوڵى پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە و لێسەندنەوەى متمانە لە هەندێک وەزیر و  متمانەدان بە وەزیرى نوێ "نایاساییە".

 
شەوى 12ى ئایارى 2022، نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە تویتێکدا هۆشداری داوە لە هەوڵى پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە و لادان و دانانى وەزیرانی ئەم کابینەیەى حکومەتى عێراق.
 
مالیکى نوسیویەتى، "هەوڵى پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە لە هەندێک وەزیرى حکومەتى دەسەڵات کۆتاییهاتوو، لادان و متمانەدان بە وەزیرانى نوێ، پێشێلکاریى روونی یاسایە، چونکە پەرلەمانى ئێستا دەنگى بە پێکهاتەى ئەم حکومەتەى ئێستا نەداوە و متمانەى نەداوەتێ، تاوەکو لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات".
 
ئەو هەڵوێستەى نورى مالیکى لەپاش ئەوە هات، کە لە ماوەى ئەم هەفتەیەدا ژمارەیەک پەرلەمانتار باسیان لەوەکردبوو لێپرسینەوە لە چەند وەزیرێکى حکومەتى عێراق دەکەن، لەبارەى چەند پرسێکى تایبەت بە وەزارەتەکانیانەوە، لەوانە مەنهەل خەباز، وەزیرى پیشەسازى و کانزاکانى عێراق.   
   
پێشتر لە 14ى نیسانى 2022، سەرۆکى هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داواى لە دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق کرد، رێگری بکات لە سەرجەم ئەو بڕیار و یاسایانەى کە حکومەتى ئێستاى عێراق دەریاندەکاتم بەو پێیەى بە گوتەى ئەو حکومەتەکە "کار بەڕێکەرە".
 
لەپاش حەوت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنى  خولی پێنجەمی پەرلەمانى عێراق، بەهۆى ناکۆکى لایەنە سیاسییەکان، تائێستا حکومەتى نوێى عێراق پێکنەهێندراوە و حکومەتى ئێستا وەک کاربەرێکەر کارەکانی دەکات.


AM:10:21:13/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 2596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت