جەبار یاوەر: بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەرماوە

‌جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم

وێستگەنیوز-

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی هەر ماوە و پڕنەكراونەتەوە، بڕیار وابوو دوو لیوای هاوبەشی تێكەڵاو لە پێشمەرگە و سوپای عێراقی دابمەزرێن بەڵام هێشتا هەنگاوە كۆتاییەكان ماون بەس هەماهەنگی بەردەوام و ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەش هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی کانوونی دووەمی 2022، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، "داعش شێوازی كاری 'تیرۆریستی' خۆی گۆڕیوە ئێستا وەكو گرووپی بچووك بچووك كردەوە ئەنجام دەدات و لەزۆربەی ئەو ناوچانەی كە لێ بووە ئێستاش هەر ماوە وەكو عێراق، سوریا، یەمەن، ئەفغانستان، میسر و لیبیا و وڵاتانی ئەوروپا ئیشی خۆی دەكات و لە سوشیاڵ میدیا بیروباوەڕی ئیسلامی توندڕەوی خۆی بڵاودەكاتەوە و هەوڵ دەدات خەڵكی زیاتر هان بدات و تا ئێستا مەترسیە لەسەر ناوچەكە.''

دەشڵێت، ''بینیمان پێش دوو ڕۆژ توانی پەلاماری بنكەیەكی عێراقی بدات و یازدە كەس لەو بنكەیە بكوژێت و جگە لەوەش پەلاماری زیندانی غوێرانی داوە لە ناوچەی حەسەكە و ئێستاش لەوێ هەر بەردەوامن لە شەڕ و مەترسیەكە بەردەوامە".

باسیلەوەشکردووە، "كەس ناتوانێت ژمارەی ئێستای چەكدارانی داعش دیاری بكات چونكە ئەوان پشت بە شانە نوستوەكان و گرووپی زۆر بچووك بچووك دەبەستن و لە هیچ ناوچەیەك جێگیرنابێت بەردەوام لە گەڕاندایە و هەوڵ دەدات بگەرێت و شوێنێكی لاواز بدوزێتەوە لە ناو پێگەكانی هێزەكانی سوپای عێراق و پێشمەرگە یان لە سوریا و ناوچەكانی تر بۆ ئەوەی پەلاماریان بدات یان بەشێوازی كەمین و قەناس لە دوورەوە یان بەدانانەوەی مین و خۆتەقاندنەوە لەو ناوچانە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، "داعش تەنها لەقەرەچۆغ نین لە زۆربەی ئەو ناوچانەن كە بۆشایی لەنێوانی دابەشبوونی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچەی خانەقینەوە لەسەر سنوری ئێران تاوەكو ناوچەی سحێلا لەسەر سنوری سوریا كە نزیكەی 560 كیلۆمەترە جگە لەوەش لە هەندێك ناوچەی دەوروبەری بەغدا و ئەنبار و ناوچەی نزیك موسل و سوریا هەن بەڵام ژمارەیان دیاریكراو نییە و خۆیان گونجاندووە لەگەڵ ئەم شێوازە نهێنیە بە گرووپی بچووك هەوڵ دەدەن كارە ''تیرۆریستیەكانیان'' ئەنجام بدەن.


PM:10:00:23/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 2880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت