مالیکی، لەنامەیەکیدا بۆ بارزانی، تۆمەتباری دەکات بەشکاندنی بەڵێنەکانی

‌مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

وێستگەنیوز_

نوری مالیکی  ئەمینداری حیزبی دەعوەی عێراقی، نامەیەکی نیگەرانی‌ و ناڕەزایی گەیاندووەتە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەکی ئاگادار ئەمرۆ سێشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2022, بە ئاژانسی هەواڵی عێراق-ی دراوە لە بەغدا، نوری مالیکی لەنامەکەی بۆ مەسعود بارزانی باسی لەوە کردووە، پابەند نەبووە لەسەر ئەو قسانەی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کردوویانە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، نوری مالیکی لەنامەکە باسی لەوەش کردووە، هەڵوێستەکانی پارتی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق‌ و رێککەوتن لەگەڵ سەدرو سوننەکان بۆ ئەوان چاوەڕواننەکراو بووە، چونکە پێیانوابووە بارزانی خاوەنی بەڵێنی خۆی دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، ناوەڕاستی مانگی 12ی رابردوو، نوری مالیکی بەسەرۆکایەتی شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەولێری کردو لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەوە، کە لەکۆبوونەوەکە مالیکی داوای کردبوو، لایەنە کوردییەکان نەبنە بەشێک لەزیادکردنی کێشەکانی ناو ماڵی شیعەکان لەعێراق.

زانیارییەکان باس لەوەش دەکەن، مالیکی لەو کۆبوونەوە بەڵێنی ئەوەی لەبارزانی وەرگرتووە، ناچێتە هیچ کام لە بەرەکانی شیعە لەدژی ئەوی تر، بۆیە ئەو نامەیەشی ئاراستە کردووە.

نۆی مانگی رابردوو پەرلەمانی عێراق کۆبووەوەو بەپێی رێککەوتنێکی موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدرو لایەنە سوننییەکان‌و پارتی دیموکرات دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێرا، کە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەهۆی ناڕەزاییان لەو کۆبوونەوەیە، بەشدارییان نەکرد.


PM:03:58:18/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 14936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت