دوای هێرشەکەی ئەبوزەبی، هاوپەیمانی عەرەبی پێگەی حوسییەکانی یەمەنی بۆردومانکرد


وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی دوێنێ گروپی حوسییەکانی یەمەن بەدرۆن هێرشیانکردەسەر شاری ئەبوزەبی ئیمارات، لەبەرامبەردا هاوپەیمانی عەرەبی رایگەیاند، لەرێگەی فڕۆکەی ئێف-15ەوە دوو سەکۆی موشەکی حوسییەکانیان لە سەنعای پایتەتی یەمەن بۆردومانکردوە.

هاوپەیمانی عەرەبی لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی عەرەبی ئۆپەراسیۆن دژی حوسییەکان و بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی کردووەتە کاری لەپێشینە، لەو چوارچێوەیەشدا بەرپرسی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و بەڕێوەبەری پێشوو بەشی فڕۆکەوانی حوسییەکانیان لەبۆردومانەکاندا کوژراون.

هاوکات سەرچاوەیەک لە حوسییەکان بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو کۆبوونەوەیەکی فەرماندە سەربازییەکانیان لە سەنعا بەئامانج گیراوە و بەوهۆیەوە ژمارەیەک فەرماندە کوژراون.

دوێنێ لە هێرشێکی درۆنییدا بۆ سەر ئەبوزەبی، سێ کەس کوژران و شەشی دیکەش بریندار بوون. بەرپرسانی ئیمارات دەڵێن هێرشەکە لە لایەن حوسییەکانی یەمەنەوە کراوە. وتەبێژی حوسییەکانیش رایگەیاند، ئەگەر ئەبوزەبی بەردەوامبێت لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی یەمەن، ئەوا ئیمارات "ناتوانێت بەرگەی هێرشەکانی داهاتوو بگرێت".  


AM:08:02:18/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 4788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت