مونا قه‌هوه‌چی: قه‌بووڵ ناكه‌ین كورسی پێكهاته‌كان كه‌م بكرێته‌وه‌

‌مونا قەهوەچی

وێستگه‌نیوز ـ

مونا قه‌هوه‌چی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ بۆچوون لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و دەستووور جیاوازە، ده‌شڵێت: "چەند لایەنێکیش قسەیان لەسەر کەمکردنەوەی کورسیی پێکهاتەکان و شێوازی دەنگدان كردووه‌، ئەوەش لای ئێمە رەتكراوه‌یه‌".

مونا قەهوەچی، ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2022، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتووه‌: "لە کۆتا کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فڕاکسیۆنەکان، داوامان کرد هەموو حزبەکان را و سەرنجی خۆیان بنێرن بۆ پەرلەمان لەسەر پرسی هەموار و هەڵبژاردنی ئایندە، هەموویان وەڵامیان داوینەتەوە لە رێگای فڕاکسیۆنەکانەوە، بەڵام رای جیاواز هەیە، بەشێکیان سەرنجیان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن هەیە".

مونا قەهوەچی وتیشی: "ئەگەر بمانەوێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، یەکەم کار، کاراکردنەوەی ئەنجومەنی کۆمسیارانە و ئێمە وەک دەستەی سەرۆکایەتی لەگەڵ ئەوەین پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن و رێفراندۆم لەسەر دەستوور یەک پاکێج بێت وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی".

به‌ وته‌ی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، بەشێک لە حزبەکان دەزانن لە بەرژەوەندییان دەدرێت، دێن و وەک بیانوو پرسی کورسیی پێکهاتەکان دەهێننە ناو بابەتەکەوە و داوا دەکه‌ن کورسیی کۆتاکان کەم بکرێتەوە و شێوازی دەنگدانیش وابێت تورکمان دەنگ بە تورکمان بدات مەسیحییەکانیش.

باسی له‌وه‌شكرد: "من لە کۆبوونەوە وتوومە چۆن شتی وا دەبێت، ئەوە لای ئێمە رەفزە، چۆن لە کاتی دەنگدان جیا دەکرێتەوە، ئەوە تورکمانە و ئەوەش کوردە، نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنسوڵخانەکانیش دژین و دوورە لە بنەمای دیموکراسی، جیاوازیی نەژادی و ئایینی دروست دەکات، هیچ حزبێک ناتوانێت بێ وەرگرتنی را و بۆچونی تورکمان یاسای کۆمسیۆن هەموار بکاتەوە، تەنها پارتی پشتیوانمان بووە و ئێمە دەزانین سەرۆک بارزانی پارێزەری مافەکانی پێکهاتەکانە و ئەم جارەش رێز لە بۆچونی مافی پێکهاتەکان دەگرێت".

راشیگه‌یاند: "قسەمان لەسەر ئەوە کردووە یاسای کۆمسیۆن هەموار بکرێتەوە، نوێنەری پێکهاتەکان لە کۆمسیۆن هەبێت، ئەگەر نیازیشمان هەبووایە یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکرێتەوە، دەبوو سەرەتای ئەم خولە هەموار بکرایەتەوە، لە رێگەی پڕۆژەیەکەوە تا هەموو هێزەکان لەسەری رێک بکەوتنایە، بەڵام ماوەی چەند مانگێک ماوە بۆ هەڵبژاردن و داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەین ناتوانین بگەین بە رێککەوتن و دۆخەکە لەبار نییە بۆ یاسای هەڵبژاردن، وەک سەرۆکایەتیی پەرلەمان چاوەڕێی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانین تا نەکەوینە ئاڵۆزی و ململانێوە".

سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان وتیشی: "ئێمە وەک پێکهاتەکان لەگەڵ یەک بازنەی هەڵبژاردنەکانین، ئەزموونمان لەگەڵ ئەوەی عێراق هەیە، فرەبازنەیی بەشێکی زۆری دەنگەکان دەفەوتێنێت، نادادپەروەری لە فرەبازنەیی دروست دەبێت، دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی خولی حەوتەم یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێت و ئاماددەکاریی بۆ بکرێت".

راشیگه‌یاند: "لایەنەکان لە کاتی کۆبوونەوەکان لە دەستەی سەرۆکایەتی دەڵێن، لەگەڵ ئەوەین کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە و هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت لەگەڵ دەستوور، بەڵام لە پێشکەشکردنی پڕۆژەکانیان لای ئێمە، نەمانتوانیوە بگەینە رێککەوتنێک و پڕۆژەیەکی نیشتمانی، نەخێر بۆچوونیان جیایە".


PM:05:40:16/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 2604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت