دیندار زێباری: ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بێ بنەمایە

‌دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم

وێستگەنیوز- 

سەبارەت بەو پێشلکارییانەی کراون لە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021 ، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا بە ڕاشکاوی باس لە دادگای تاوانەکانی هەولێر دەکات کە سزای زیندانی سەپاندووە بەسەر 3 ڕۆژنامەوان و 2 چالاکوان. دەڵێت " لە ساڵی 2021، دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای 6 ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر 3 ڕۆژنامەنووس و 2 چالاکوان لە پرۆسەیەکدا کە پێشێلکاری جدی دادگاییکردنی عادیلانەی تێدابوو لەگەڵ دەستتێوەردانی سیاسی لە ئاستی باڵادا."

ھاوكات دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكە دەداتەوەو بە دەنگی ئەمریكای وتووە، "بە هیچ شێوەیەک ئەمە ڕاست نییە و هیچ بنەمایەکی نییە، حکومەتی هەرێم یاسا و حوکمڕانی خۆی هەیە." دەشڵێت "هیچ کاربەدەستێکی سیاسی بۆی نییە لە هەرێمی کوردستان کەس دەستگیر بکات، نە فەرمان دەربکات و نە بە کەیفی خۆی یاسا بەسەر هەر کەسێکدا بسەپێنێت، ئەمە ئەرکی دادگاکانە."

باسیلەوەشكردووە، "ئێمە ڕەتیدەکەینەوە کە گشتاندن بکرێت، ئەگەر کەیسێک یان کەموکورتییەک لە شوێنێک هەبێت نابێت هەرێم بە شێوەیەکی گشتی وەها پیشانبدرێت کە ئەمە ڕەوشی گشتیە."

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، "بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگە بە ئەشکەنجەدان نادات." بەڵام دەشڵێت "من ناتوانم بڵێم پرۆسەی مافەکانی مرۆڤ هەموو شتێک بە تەواوەتی سپییە یان بە تەواوەتی ڕەشە." هەروەها دەشڵێت "تەنها دۆسێکانی ئیمە دۆسێی ڕۆژنامەنووسێک نییە یان کەیسێکی دادگا نییە. دادگا ئازاد و سەربەخۆیە لە کوردستان، دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسانەدا بکات، ئێمە چەندین کەیسی گەورەتر و بابەتی زۆر مەترسیدارترمان هەیە لە ئێستادا."

لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ هاتووە کە "دادگا هەستاوە بە ڕەتکردنەوەی بانگەشەی بەرگریکاران لە ئەشکەنجەدانیان و مامەڵەی خراپ و وتی بەڵگەی پێویستیان نییە."


AM:07:15:15/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 2596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو