چه‌ند بازرگانێك به‌ڵێن ده‌ده‌ن نرخی به‌نزین هه‌رزان بكه‌ن


وێستگه‌نیوز ـ هه‌ستیار ره‌ووف

لە رێگەی چەند بازرگانێكەوە كه‌ سەردانی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌یان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی كردووه‌، داواكاریان پێشكەش كردووە، كە ئەگەر رەزامەندی بدرێت بەو كوالێتیەی لەهەولێر هەیە، رێگە بە هاوردەی بەنزین بدرێت ئەوا ئامادەن بە كەمتر لە 690 دینار بەنزین بفرۆشن.

كەریم عەلی، سەرۆكی‌ لیژنەی‌ پیشەسازی‌ و وزە‌ لە ئەنجوومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی ئه‌مشه‌و به‌ وێستگه‌نیوزی راگه‌یاند: "ئەمڕۆ یەكشەممە لیژنەكەمان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لەبارەی دۆخی بەنزین و غاز كرد".

كه‌ریم عه‌لی باسی له‌وه‌شكرد: "چەند بازرگانێكی هاوردەكردنی بەنزین سەردانی ئێمەیان كردووە و داوایان كردووە ئەگەر نەوت و كانزكانی سلێمانی رەزامەندی بدات ئەوا بەو كوالێتیەی لە هەولێر هەیە بەنزینی نۆرماڵ هاوردە دەكەن و بەكەمتر لە 690 دینار دەدرێتە هاوڵاتیان”.

كه‌ریم عه‌لی وتیشی: "وەك لیژنەكەمان بەجدی كار لەسەر ئەو داواكارییە دەكەین و كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزكانی سلێمانی دەكەین بۆ ئەوەی رێگەچارەیەك بۆ هەرزانكردنی بەنزین بدۆزرێتەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە، لە ئێستادا لە بەشێكی زۆر لە وێستگەكانی هەولێر بەنزینی نۆرماڵ بە 690 دینار دەفرۆشرێت.


PM:11:51:09/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 21368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت