جوان ڕۆژبەیانی: پەرلەمان بانگھێشتی وەزیری پێشمەرگەی کردووە لەبارەی نەبوونی چەکی پێویست لە سەنگەرەکاندا

‌جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان

وێستگە نیوز- 

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ''بەھۆی زیادبوونی جووڵەی چەکدارانی داعش و ھێرشەکانی چەند رۆژی رابردوو، وەزیری پێشمەرگە بانگھێشتی پەرلەمان دەکات و دوو ڕاپۆرت لەبارەی جووڵەی داعش و سەنگەرەکانی پێشمەرگە ئامادە کراون کە قسەی لەسەر بکرێت.''

ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی کانوونی یەکەمی 2021، جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی پارتی ڕاگەیاندووە، "دوای زیادبوونی ھێرشەکانی داعش بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان ھەردوو لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان و پێشمەرگە دەستیان بە بەدواداچوون کردووە بۆ ئەوەی ھۆکارەکانی زیادبوونی جووڵە و ھێرشەکانی داعش بزانین، بەتایبەتی جێگەی پرسیارە کە بۆچی ئێستا داعش تەنیا ناوچە کوردستانییەکانی کردووتە ئامانج، ھەروەھا ھۆکاری پێکنەھێنانی ئەو لیوایەی بڕیارە ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچەیە بگرێتە ئەستۆ چییە."

باسیلەوەشکردووە، "پەرلەمان بانگھێشتی وەزیری پێشمەرگەی کردووە بۆ ڕوونکردەوە لەبارەی جووڵەکانی داعش و نەبوونی چەکی پێویست لە سەنگەرەکان، لە چەند ڕۆژی داھاتوو وەزیری پێشمەرگە دێتە پەرلەمان ئەگەر ئامادەی کۆبوونەوەی لیژنەی پێشمەرگە نەبێت، ئەوە ئێمە لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت کۆ دەبینەوە."

ئەوەشیخستۆتەڕوو، "ڕۆژی سێشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە و ھەردوو ڕاپرسیی لیژنەی پێشمەرگە و ناوچە کوردستانییەکان دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی داعش تێیدا بەھێزە، بدۆزنەوە خەڵکی ئەو ناوچانەش بپارێزرێن لەھەر مەترسییەکی داعش بۆ سەر گوند و ناوچەکانیان."


PM:06:48:05/12/2021


ئه‌م بابه‌ته 2032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت