په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ئاماده‌بونی كوڕێكی دانیال میتران كۆبونه‌وه‌ی داهاتوی ساز ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

بڕیاره‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ 7ی كانونی یه‌كه‌م په‌رله‌مانی كوردستان كۆبونه‌وه‌یه‌ك ساز بكات و تیایدا بەبۆنەی یادی 10 ساڵەی كۆچی دوایی دۆستی كورد، خاتوو دانیال میتران، میوانداریی جیلبەرت میتران، کوڕی خاتونی ناوبراو بكات.
 
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی پەرلەمانتاران کردووە و رایگه‌یاندوه‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره (10)ی ئاسایی خولی پاییزەی ساڵی سێیەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، له كاتژمێر 12ی نیوه‌ڕۆی رۆژی سێشەممە 07-12-2021 به‌مشێوه‌یه بێت:

یەكەم: بەبۆنەی یادی 10 ساڵەی كۆچی دوایی دۆستی كورد، خاتوو دانیال میتران، بڕگەی یەكەمی بەرنامەی كار بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت.

1- بەخێرهێنان و وتەی سەرۆكی پەرلەمان. بەبۆنەی ئامادەبوونی (جیلبەرت میتران)، كوڕی دۆستی كورد (دانیال میتران).

2 - وتەی (جیلبەرت میتران).
 
دووەم: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژەیاسای (سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكانی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان-عێڕاق)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
 
سێیەم: دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان بەڕێز (سیروان فه‌ره‌ج محه‌مه‌د) لە ئەندامیەتیی (لیژنەی پەیوندییەكان و رەوەندی كوردستانی)، بەپێی حوكمی ماددەی (28) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.
 
چوارەم: خستنەڕووی بەدواداچوون و راسپاردەی هەردوو لیژنەی (كاروباری پێشمەرگە) و لیژنەی (ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم)، سەبارەت بە هێرشەكانی رێکخراوی‌ تیرۆریستیی‌ دەوڵەتی‌ ئیسلامی‌ لە عێراق و شام، ناسراو بە (داعش) بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە.
 
پێنجەم: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژەیاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
 
شەشەم: خستنەڕووی بەدواداچوونی لیژنەی (دارایی و كاروباری ئابووری)، سەبارەت بە داهاتەكانی هەرێمی كوردستان.


PM:04:46:05/12/2021


ئه‌م بابه‌ته 2344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت