مەسعود بارزانی: تۆڵه‌ى شه‌هیدەکانمان ده‌كه‌ینه‌وه‌و ڕێگه‌ نادەین خوێنیان به‌فیڕۆ بڕوات

‌مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

وێستگە نیوز- 

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، خەباتی گەلی ئێمە هەمیشە خەباتێكی ڕەواو ئاشتیانە بووە و هەرگیز گەلی كوردستان بژاردەی شەڕی هەڵنەبژاردووە، بەڵام ئەگەر ناچار كرابین بەرگریمان لە گەلی خۆمان كردووە و بەرگریكردن بووە لە مان و نەمان. دەشڵێت، ''تۆڵه‌ى شه‌هیدان ده‌كه‌ینه‌وه‌و ڕێگه‌ نادین خوێنیان به‌فیڕۆ بڕوات''


ئەمڕۆ شەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2021، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری لە كۆنگرەی ڕەوەندی كورد لە شاری هەولێر کرد کە بە بەشداری زیاتر لە 150 نوێنەری وڵات بەڕێوەدەچێت لە کۆنگرەکەدا ووتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، ''هیوادارم كۆنگرەكەتان سەركەوتوو بێت و ئامانجەكە بپێكێت و مەبەستیش ئەوەیە ڕەوەندی كوردستان لە دەرەوە ڕێكبخرێتەوە و كێشەكان دیاری بكرێن و هەموو پێكەوە هەوڵ بدەن خزمەت بكەن. دەشڵێت، ئێوە دەتوانن خۆتان ڕێكبخەن و لە هەموو بوارێكدا ڕۆڵیكی ئەساسی ببین بۆ پشتیوانی دۆزی گەلەكەتان.''

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان باسیلەوەشکردووە، ''داواكاری دۆزی گەلی كورد لە هەموو پارچەكان بەشێوەیەكی ئاشتی چارەسەر بكرێت، شەڕ چارەسەر نییە بۆ كێشەی ئێمە و هیچ كێشەیەكیتر هەیە، بەڵام خاڵێكی گرنگ هەیە ئێمە وەكو كورد دەبێت زۆر وریا بین جیاوازی لەگەڵ ڕژێمەكان نابێت ببێتە دوژمنایەتی لەگەڵ گەلان.''

ئەوەشیخستەڕوو، ''کوردستان نمونەیەكی جوانە بۆ پێكەوە ژیانی ئایینی و نەتەویی و هەمیشە گەلی كوردستان شانازی بەوەوە كردووە كە ئەم فەرهەنگە زۆر كۆنە و دەبێت بپارێزرێت و دونیاش بزانێت كە كوردستان وڵاتی پێكەوەژیانە، وە هەمیشە ئامانجی گەلی ئێمە ئەوە بووە بەرگری و مافی پاراستنی پێكهاتەكان و بەردەوامیش خەبات بۆ ئەوە دەكەین.''


AM:11:40:04/12/2021


ئه‌م بابه‌ته 3460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت