په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتى: قەڵا سەختە سەربازییەکان ببەن بۆ قەرەچوغ ترستان لە دەڤەرى باڵەکایەتی نەبێت

‌ لوقمان وەردی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی

وێستگە نیوز- 

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، قەڵا سەختە سەربازییەکانی باڵەکایەتی ببەن بۆ  قەرەچوغ و ترستان لە دەڤەرى باڵەکایەتیی نەبێت چونکە خەڵکەکەى خۆنەویستانە دەتانپارێزێت. دەشڵیت، بە ملیۆن دۆلار پارە لەو قەڵانەدا سەرفکراوە، "له‌کاتێکدا ھەموولایەک دەزانین دەڤەری باڵەکایەتی ناوچەیەکی گەشتیاریەو زۆریش ئارامە.''

ئەمڕۆ شەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2021، لوقمان وەردی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، ''ماوەی ئەمساڵدا چەندین قەڵای سەختی سەربازیی لە شاخەکانی دەوروبەری قەزای چۆمان‌و ناحیەکانی دروستکراون بە ملیۆن دۆلار پارەی تێدا سەرفکراوە، "له‌کاتێکدا ھەموولایەک دەزانین دەڤەری باڵەکایەتی ناوچەیەکی گەشتیاریەو زۆریش ئارامە، دراوسێیە لەگەڵ ئێران‌و لانی کەم لەماوەی 15 بۆ 20 ساڵی ڕابردوو ھیچ مەترسی‌و جموجوڵێکی سەربازیی لەو ناوچەیە بوونی نەبووە".

باسیلەوەشکردووە، "دەبینین لەبناری قەرەچوغ لەبەرامبەری داعشی دڕندەو دوژمن، پێشمەرگە بێ سەنگەرو لانەو جێگەیە، لەچوارچێوەی دیواری مزگەوت‌و بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی ئەرک دەبینێ، بەداخەوە سەرەنجام ژمارەیەکیان شەھیدبوون، بەئاسانی بوون بەنێچیری دەستی دوژمن".

ئەوەشى خستووەتەڕوو، "کاتێک پرسیار لەلایەنی پەیوەندیدار دەکرێت بۆ بایەخ بەسەنگەرسازیی‌و دابینکردنی چەک‌و  پێداویستی خۆپارێزی بۆ سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە نادرێت، باسی نەبوونی ئیمکانیەت دەکەن بەوە پاساو بۆ خوێنی بەناھەق ڕژاوی پێشمەرگەو ھاوڵاتیان دەھێننەوە، کەچی لەناوچەیەکی ئەمین‌و ئارامی وەک باڵەکایەتی چەندین قەڵای سەختی سەربازیی دروستکراوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ''فەرمون قەڵا سەختە دروستکراوەکانی شاخەکانی دەڤەری باڵەکایەتی‌و ھێزو ئۆتۆمبێلە سەربازیە گوللە نەبڕەکان ببەن بۆ سەنگەری پێشمەرگەکانی قەرەچوغ، خەمتان نەبێت خەڵکی ئەو دەڤەرە وەک ڕۆژگارە سەختەکانی سەرەتای شۆڕش، خۆنەویستانە پاسەوانیتان دەکەن‌و دەتانپارێزن‌و مه‌منونیشتان دەبن".


AM:11:09:04/12/2021


ئه‌م بابه‌ته 3020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت