وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پابەندین بە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیه‌ندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی داعش لە سنووری مەخموور بڵاوکردەوە و رایگه‌یاند، پابەندبوونی خۆیان بە پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عیراق، لەوانەش هێزەکانی پێشمەرگە دووپات دەکەنەوە.
 

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیه‌ندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر نیگەرانە لە زیادبوونی هێرشەکانی داعش لە سەرانسەری عیراق، لەوانەش هێرشەکەی سنووری مەخموور کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 10 پێشمەرگە و سێ هاووڵاتیی سڤیل".
 
شەوی پێنجشەممە چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی خدرجیجە لە سنووری قەرەچووخ و بەهۆیەوە 10 پێشمەرگە و سێ برای مه‌ده‌نی شەهیدبوون. شەوی هەینیش داعش لە راگەیه‌ندراوێکدا بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیه‌ندراوەکەیدا نووسیویەتی: "پابەندبوونی خۆمان بە پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عیراق، لەوانەش هێزەکانی پێشمەرگە دووپات دەکەینەوە، ئەوەش کاتێك لە شەڕی دژی داعش بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی یەکجارەکی رێکخراوەکە بەردەوامن".
 
ئەمڕۆ شەممە لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عیراق لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی فراوان بەئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنی رێکدەخرێت، تەوەری کۆبوونەوەکە هۆکاری زیادبوونی هێرشەکانی داعش دەبێت لە ناوچە جێناكۆكه‌كان و ناوچەکانی دیکەی عیراق.


AM:10:22:04/12/2021


ئه‌م بابه‌ته 2072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت