لاهور شێخ جهنگی پهیامێكی بڵاوكردهوه: خۆم بە شەرمەزار دەزانم بۆ ئەو ڕووداوانەی لەژێر ناوی (یەکێتیی نوێ) ڕوویانداوە
وێستگه نیوزـ
لاهور شێخ جهنگی لهدوای سهردانی كهسوكاری موراد كانی كوردهیی له شارۆچكهی سهروچاوه، پهیامێكی بڵاوكردهوه و رایگهیاند كه خۆم بە شەرمەزار دەزانم بۆ ئەو ڕووداوانەی لەم لە ژێر ناوی (یەکێتیی نوێ) ڕوویانداوە.
له پهیامهكهیدا كه له لاپهڕهی تایبهت بهخۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتیی فهیسبوك بڵاویكردوهتهوه، لاهور شێخ جهنگی دهڵێت: "لێرەوە ڕایدەگەیەنم یەکێتییەکەی مام و حزبی شەهیدان ئەو یەکێتییەی ئێستا نییە و بەندەش هەرگیز نابێت بە بەشێک لەو (یەکێتییە نوێیە)ی کە ئێستا هەندێک وا ناوزەدیان کردووە."
دهقی پهیامهكهی لاهور شێخ جهنگی:
ئەمڕۆ سەردانی دەڤەری بتوێنمان کرد و لە شارۆچکەی سەروچاوەی سەر بە ناحیەی بێتواتە سەردانی خێزان و کەسوکاری شەهیدان (عەقیدی مافپەروەر موراد کانی کوردەیی و هاوکار نازم)مان کرد، دواتر لە هەردوو شارۆچکەی شکارتە و گوندی مێرگەسەر سەردانی خێزان و کەسوکاری شەهیدان (خۆشناو وەیسی و سەرکار فاخیر)مان کرد کە ڕۆژی ٢٦ـی ١١ـی ٢٠٢١، لە پەلامارێکی نەگریسی پیلان بۆ داڕێژراودا بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە لە ناوەندی شاری ڕانیە تیرۆر کران و گەیشتنە کاروانی نەمران.
لە نزیکەوە خێزان و خانەوادەی سەربەرزی ئەو شەهیدانەمان بەسەرکردەوە و پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆمان پێ ڕاگەیاندن و جەختمان کردەوە؛ ئەوەی زیاتر ئێمە و ئێوەشی نیگەران کردووە ئەوەیە کە ئەم تاوانە لە لایەن نەیار و دوژمنەکانمانەوە نەبووە بەڵکو لە لایەن دۆست و هەڤاڵانی خۆمانەوە بڕیاری لێدراوە و بە دیاریکراویش چەند کەسێکی نابەرپرسی ئەمنیی حزبەکەی خۆمان بەرامبەر کەسێک ئەنجامیانداوە کە جگە لەوەی کادر و فەرماندەیەکی دڵسۆز و بە ئەمەک بووە بۆ حزبەکەی، خاوەن سێ برای شەهیدە، بنەماڵەی شەهیدەکانیش، لە پێناو یەکێتیی و ئازادی خاکی کوردستان دەیان شەهیدیان بەخشیوە، باشە چۆن دەبێت ئاوا بێوەفابین بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان و لە پێناو پلە و پۆست و ویستی شەخسی، دەست بدەینە ململانێیەکی سیاسیی ناشەریفانە و دەستمان سووربێت بە خوێنی هاوڕێ و هەڤاڵەکانی خۆمان و هەرچی لەگەڵمان نەبوو یان بە دڵی ئێمە نەبوو، هەڵبکوتینە سەری و بە تۆمەتی بێبنەما و ناڕەوا دەستگیریان بکەین و کادری یەکێتیی لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا تیرۆر بکەین. خۆم بە شەرمەزار دەزانم بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان و هەموو یەکێتییەکی دڵسۆز بۆ ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی لەم چەند مانگەی ڕابردوودا لە ژێر ناوی (یەکێتیی نوێ) ڕوویانداوە، لێرەوە ڕایدەگەیەنم یەکێتییەکەی مام و حزبی شەهیدان ئەو یەکێتییەی ئێستا نییە و بەندەش هەرگیز نابێت بە بەشێک لەو (یەکێتییە نوێیە)ی کە ئێستا هەندێک وا ناوزەدیان کردووە.
هەر ئەمڕۆش لە گۆڕستانی شەهیدان لە شاری کۆیە، سەردانی گڵکۆی شەهید مورادمان کرد و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفامان لەسەر گۆڕەکەی دانا. جارێکی تر سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی خێزان و خانەوادەی سەربەرزی شەهید موراد و هاوڕێکانی کرد و داوای سەبر و ئارامیم لێکردن و ڕامانگەیاند کە هەرگیز ڕێگەنادەین خوێنیان بە فیڕۆ بروات. دووپاتیشیمانکردەوە؛ باشترین هەنگاو کە بنرێت بۆ ڕەواندنەوەی بەشێکی کەمی تووڕەیی و خەم و ئازاری خێزان و بنەماڵەی ئەو شەهیدانە، ڕادەستکردنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانەیە و بە سزاگەیاندنیانە لە دادگایەکی عادیلانە.
PM:08:43:03/12/2021
ئهم بابهته 19424
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت