کوێستان محەمەد: پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی بێبەرامبەر بۆ کەمئەندامان

‌کوێستان محەمەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى هەرێمی کوردستان

وێستگەنیوز-

کوێستان محەمەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ خزمەتکردنى خاوەن پێداویستى تایبەت لە سەرجەم بوارەکان بەردەوامە و بەپێى ئەو هەموارەى بۆ یاسای خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان کردوویانە، هەر وەبەرهێنەرێک پڕۆژەى نیشتەجێبون دروست بکات دەبێت بەبێبەرامبەر ژمارەیەک یەکە بدات بە کەمئەندامان.

کوێستان محەمەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى لە (27)ـەمین ساڵیادى دامەزراندنى کۆمەڵەى کورتەباڵاکان وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەوەشکرد، "هەمو توانایەکمان دەخەینە گەڕ بۆ جێبەجێکردنى داواکارى و پێویستییەکانى خاوەن پێداویستەتایبەتەکان و ئەوەش بە ئەرکى خۆمان دەزانین بەرامبەریان."

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهەموو توانایەکەوە کار بۆ وەڵامدانەوەى خواستى خاوەن پێداویستى تایبەتەکان دەکەن لەوانەش کردنەوەی سەنتەری تایبەت بە پشکنینی خاوەن پێداویستییە تایبەت لەشاری هەولێر، "هەروەها ئەنجومەنی وەزیران چەندین بڕیارى گرنگى داوە، لەگەڵ دابینکردنى هەزاران سەبەتەی خۆراک و دابینکردنى چەندین پێداویستى دیکە".

لەبارەی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونیش بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى دەڵێت، "کارمان لەسەر ئەو بابەتەش کردوە لەرێگەی هەموارى یاساکە، کۆمەڵێک بڕگە و مادەى بۆ زیادکراوە لە بەرژەوەندى خاوەن پێداوێستى تایبەتن لەوانە؛ هەر وەبەرهێنەرێک پڕۆژەى نیشتەجێبون دروست بکات دەبێت بەبێ بەرامبەر ژمارەیەک یەکە بدات بە کەمئەندامان."


PM:06:57:26/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 4492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت