40 کۆچبەری کورد لەلیبیاوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان

‌دیمەنی شادبوونەوەی یەكێک لەو کۆچبەرانەی گەڕاوەتەوە بە خێزانەکەی

وێستگەنیوز-

دوای نزیکەی دوو مانگ لەگیرخواردنیان بەهۆی بەهەڵە رۆشتنیان بۆ کەناراوەکانی لیبیا، ئەمڕۆ هەینی 40 کۆچبەری کورد لەلیبیاوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان کە دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بەهاوکاری نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم تێچووی گەڕانەوە و رێکارە یاساییەکانیان بۆ ئەنجامداون.

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەو کۆچبەرانە لەکاتی گەشتکردنیان لەرێگەی یەختەوە بۆ ئیتاڵیا بەهۆی تێکچوونی یەختەکەیان و شەپۆلی دەریاوە لە کەناراوەکانی لیبیا گیرساونەتەوە، لەو وڵاتەش لەلایەن هێزەکانی خەلیفە ئەفتەرەوە دەستبەسەرکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای زیاتر لە مانگێک و 15 رۆژ دەستبەسەرکردنیان لەلیبیا، دەزگای لوتکە بەهاوکاری نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم توانیویەتی سەرجەم رێکارەکانی گەڕانەوەیان تەواو بکات و لەبەنغازییەوە بیانگەڕێنێتەوە بۆ قاهیرە و لەوێشەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. 


PM:05:36:26/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 2756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت