دیندار زێباری: خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردوو مۆڵەتیان نەبووە

‌دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم

وێستگەنیوز-

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەرچەندە خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردوو کە خوێندکارانی زانکۆ بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامیانداوە مۆڵەتی نەبووە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێکردووە کە بریتییە لە پاراستنی خۆپیشاندەران و گەیاندنی داواکارییەکانیان، هەروەها لێکۆڵینەوەش لەو گرتە ڤیدیۆیانە دەکرێت کە تیایدا هێرشدەکرێتەسەر خوێندکاران.

دیندار زێباری لەبارەی خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردوو راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوەشکردوە، "حکومەتی هەرێم پشتگیری لە گشت داوا رەواکانی هاوڵاتیان دەکات، لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپیشاندان هەیە یاسای (ڕێکخستنی خۆپیشاندان) ژمارە 11ی ساڵى 2010، بەپێى ئەم یاسایە خۆپیشاندان مافێکى یاسایى و دەستوورییە، بەپێی ئەم یاسایە هەر خۆپیشاندانێک لە هەرێمى کوردستان ئەنجامبدرێت، پێویستە پێشتر مۆڵەت وەربگیرێت و دەزگا ئەمنییەکانیش لەلایەن خۆیانەوە ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندەران و ماڵ و موڵکی گشتی ئەستۆ دەگرن لە کاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان". 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەپێی بەدواداچوونمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی، رۆژی 21-11- 2021 لە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و چەند شوێنێکی تر، ژمارەیەک قوتابی زانکۆ و پەیمانگاکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، داواکاریی سەرەکیی خۆپیشاندەران بریتی بووە لە خەرجکردنی دەرماڵەی قوتابیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە و پێشتر لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە نارەزایەتییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام مۆڵەتی فەرمییان نەبووە". 

لەبارەی بوونی گرژیش لە خۆپیشاندانەکاندا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەت دەڵێت، "بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان زیان بەر بەشێک لە ماڵ و موڵکی گشتی و بارەگای حزبەکان کەوتووە و هەندێک شوێن سوتاوە، خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ قوربانییەکی گیانی نەبووە، بەڵام چەند کەسێک برینداربوون لە کارمەندانی پۆلیس و خۆپیشاندەران و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، لە هەمان کاتدا لیژنەی بەدواداچوون پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامداوە دەستگیر کراوە". 

ئەوەشی خستوەتەڕو، "لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستاون کە بریتییە لە پاراستنی ئارامی خۆپیشاندانەکان و پشتیوانیکردن لە داوا رەواکانیان بەشێوەیەکی مەدەنی، لەلایەکی دیکەوە زانکۆ و دامەزراوە فەرمییەکان پشتیوانی لە داوای قوتابیان دەکەن و داوا دەکەن کە خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی ئاشتیانە گوزارشت لە داواکانیان بکەن و هیچ لایەک پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی". 


PM:05:04:26/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 2196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت