عامری بۆ پلاسخارت: ئایا تانەدان هەڕەشەیە لەسەر کۆمسیۆن کە لەوتارێکدا باستکردوە

‌هادی عامری و جینین پلاسخارت

وێستگەنیوز-

هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لەگەڵ جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، ئەنجامی دواین هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە و باوەڕیانوایە ئەنجامی خراپی دەبێت لەسەر ئاسایشی وڵات و گۆڕینی رێڕەوی دیموکراسی، دەشڵێت "ئایا تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەڕەشەیە لەسەر کۆمسیۆن کە لەوتارەکەتدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باست کردووە".

نوسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح بڵاویکردەوە، لەکۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، هادی عامری جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی ئاسایشی عێراق و ئاوەدانکردنەوەی وڵات کاری لەپێشینەیان دەبێت، "بەڵام ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی  پەرلەمان رەتدەکەینەوە چونکە باوەڕمانوایە ئەنجامی کارەساتباری دەبێت و دەبێتەهۆی تێکچوونی ئاسایش و ئارامی وڵات، چونکە سندوقەکانی هەڵبژاردن یەکێکن بنەماکانی رێڕەوی دیموکراسی".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێمە جەخت لە رێڕەوی دیموکراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات لەرێگەی  سندوقەکانی هەڵبژاردن دەکەینەوە، لەو پێناوەشدا دژی دیکتاتۆری جەنگاوین و سەدان شەهیدمان داوە".

سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح رەخنەی لەرۆڵی جینین پلاسخارت گرتووە کە سەرەڕای رۆڵی نەرێنی کۆمسیۆن لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان، بەڵام ناوبراو بەردەوام بووە لە "ستاشیکردنی" کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەروەها بە نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکانی وتووە "ئایا کاتێک ئێمە لەرێگەی یاسایی و دادوەرییەوە تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەدەین، ئەوە هەڕەشەیە بۆ سەر کۆمسیۆن وەک ئەوەی لە وتارەکەتدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەت پێداوە، بەداخەوە ئێوە وەک نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان کارتان نەکردووە بۆ یارمەتیدانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی، بەڵکو ئێوە وەک نوێنەرێکی باڵا کار دەکەن ئەوەش بە تەواوی  ڕەتدەکەینەوە".

ئەوەشی خستوەتەڕو،  نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق "لەرۆڵەکەیدا سەرکەوتوو نەبووە و لێدوان و کارەکانی دیمەنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی ئاڵۆز و چارەسەری سیاسیشی نارۆشن کردووە".


PM:11:27:25/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 3032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو