بۆ خەرجکردنەوەی مووچە خانەنشینیەکەی داوای گۆڕینی پلەی بەهادین نوری کراوە

‌بەهادین نوری

وێستگە نیوز_

مووچە خانەنشینیەکی بەهادین نوری، لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا ڕاگیرا، کەمان بەهادین نوری دەڵێت، لەگەڵ کۆچی دوایی باوکم موچەکەیمان وەرنەگرتووە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینیمان کرد، ئەوان تەنیا وەک بەڵینێک گفیان داوە لە هۆکاری راگرتنی مووچەکەی بکۆڵنەوە.

بەهادین نوری سەرکردەی دیاری چەپ، ناو و سیاسەتوانێکی دیاری هەرێمی کوردستانە ئەو 53 ساڵ خزمەتی پێشمەرگایەتی و 67ساڵیش کاری ڕێکخراو و ڕێکخستنی کردووە، بە وتەی بریکارەکەی داوایانکردوووە بۆ بەردەوامی مووچە خانەنشینیەکەی پلەکەی لە وەزیرەوە بگۆڕدرێت بۆ فەریق ڕوکن.

کەمان بەهادین، کوڕی بەهادین نوری سکرتێری پێشووی حزبی شیوعی عێراق و سیاسەتوانی کۆچکردووی دیاری کورد ئەمرۆ شەممە 23ی تشرینی یەکەمی 2021  بە وێستگە نیوز-ی وت، لەپاش کۆچی دوای باوکمەوە، مووچە خانەنشینییەکەیمان وەرنەگرتووە، پاشتر پێیان وتووین کەوتۆتە چوارچێوەی یاسایی چاکسازی و بەو هۆکارە ڕاگیراوە.

ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، وەک خێزانەکەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینیان کردووە، پاش لێکۆڵینەوە و خستنەڕووی بەڵگە شایستەکان بۆ ماوەی خزمەتی بەهادین نوری لە ژیانیدا، گفتی ئەوەیان داوە لە هۆکارەکانی راگرتنی مووچەکەی بکۆڵنەوە.

هاوکات، حەسەن محەمەد کەریم، بریکاری خانەوادەی بەهادین نوری بە وێستگە نیوز-ی وت، 35 کەس لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەرێم فەرمانی ڕاگرتنی مووچەکانیان هەیە بە بیانووی ئەوەی وەزیر نەبوون، بەڵام بە پلەی وەزیر خانەنشین کراون، ئەو دەڵێت، "بەهادین نوری خۆشی ناڕازی بووە بەو پلە خانەنشین کراوە هەر بۆیە داوامانکردوە کە ئەو پێشمەرگە بووە بە پلەی سەربازی خانەنشین بکرێت لە وەزیرەوە بکرێ بە فەریق ڕوکن".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ خانەوادەکەی سێ جار سەردانی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەرێمی کوردستانیان کردووە، تەنیا بەڵێنی ئەوەیان پێدراوە نوسراو ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕێکارەکانی خانەنشینەبوونی و داوای خانەوادەکەی بە گۆڕێنی پلەی خانەنشینەبوونی و بەردەوامبوونی مووچەکەی.  

بەهادین نوری سەرکردەی دیاری چەپ، پێشمەرگە و سیاسەتوانێکی دیاری کوردە، ئەو خەڵکی گوندی تەکێ-ی قەرەداغە، لە ساڵی 1927 لە دایکبووە، باوکی و باپیری مەلا بوون، باوکی دەیویست ببێ بەفەقێ و بچێتە مزگەوتی بیارە لای مەلا عەبدولکەریمی مودەریس بخوێنێ، بەڵام ساڵی 1946 لەتەمەنی 19ساڵیدا چووەتە ریزەکانی حزبی شیوعی.

وەک خۆی باسیکردوە، ئەنوەری حەماغا و غەفوری میرزا کەریم هانیان داوە ببێتە شیوعی. لە ساڵی 1949 بووەتە سکرتێری حزبەکە. ساڵی 1953 دەستگیرکراو فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا، دواتر لە ژێر فشاردا ئەو فەرمانە هەڵوەشێنرایەوە و کرا بە زیندانی هەتاهەتایی و دواتر ئازادکرا، لە ساڵی 1994 بزوتنەوەی ئازادیخوازانی کوردستانی دامەزراند.

لە ساڵی 2018، کتێبێکی نووسی لەبارەی پرسی کورد و ئەزموونی کوردستانی عێراق، لەم کتێبە بەھادین نوری تیشکی خستە سەر شەش ھەڵەی مێژوویی لەلایەن سەرکردەکانی کورد لەکاتی شۆڕشەکانی شاخ، ھەروەھا کتێبێکە بیرەوەری نامەیەکە کە لە چلەکانی سەدەی بیستەم دەستپێدەکات تاکوو ژیانی ئەمڕۆی بەھادین، کتێبەکە لە ھەولێر بەھۆی ناوەڕۆکەکەیەوە چاپنەکرا، دواتر لە سلێمانی چاپکرا.

لە رێکەوتی 01-12-2020 بەهۆی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەتەمەنی 93ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، لە گۆڕستانی گوندی تەکیەی قەرەداغ بە خاک سپێردرا.


PM:04:51:23/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 5920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو