رێكخراو و چالاكوانی بواری ئه‌نفال: سوپای عیراق سه‌رقاڵی دانانه‌وه‌ی سه‌ربازگه‌یه‌ له‌ گوندی تۆپزاوا‌

‌دیمەنێک لە گوندی تۆپزاوا

وێستگە نیوز_

ژمارەیەک رێكخراو و چالاكوانی بواری ئه‌نفاڵ، دەڵێن، سوپای عێراق، سەرقاڵی دانانەوەی سەربازگەیە لە گوندی تۆپزاوا لە سنوری پارێزگای کەرکوك، لە هەمان سەربازگەی (تۆپزاوا)ی پێشو، کە دەیان هەزار ڕۆڵەی کوردی لە پرۆسەی ئەنفالدا تێدا كۆكرایەوە و پاشان لە گۆڕی بە کۆمەڵدا زیندەبەچاڵکران.


34رێکخراو و کەسایەتی بواری جینۆساید لە راگەیەندراوێکدا ئەمرۆ شەممە 23ی تشرینی یەکەمی 2021، ئاماژە بەوەدەکەن،" ماوەیەكە سوپای عێراق، سەرقاڵی دانانەوەی سەربازگەیە لە گوندی تۆپزاوا لە سنوری پارێزگای کەرکوك، لە هەمان سەربازگەی (تۆپزاوا)ـی پێشو، کە دەیان هەزار ڕۆڵەی کورد لە پرۆسەی ئەنفالدا تێدا كۆكرایەوە و پاشان لە گۆڕی بە کۆمەڵدا زیندەبەچاڵکران، سەڕبازگەی تۆبزاوە، هێمای دەڕندەیی ڕژێمی بەعسی فاشیست بوە، هەر شوێن و جێگەیەکی ئەو سەربازگەیە، چیرۆكێکی تراژیدیای ئەنفال و بەڵگەی ئەو تاوانە دەڕەندەیەیە کە دەرهەق بە گەلی کورد ئەنجامدرا دەگێڕێتەوە".

دەشڵێن،" ئەم هەوڵەی سوپای عێراق، پێشێلکارییەکی زەقی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە دۆسیەی ئەنفالە، کە تێیدا بڕیاری قەرەبوکردنەوەی مەعنەوی قوربانیانی دەرکردوە و پاراستنی ئەو سەربازگەیەش لە چوارچێوەی ئەو قەربوە مەعنەوییەدا دێت، كە یادەوەرییەکانی تاوانەكەی هەڵگرتوەو دەبوایە هەر لەدوای روخانی رژێمی بەعس مۆنۆمێنتی ئەنفالكراوانی تێدا دروست بكرابایە".

دەقی بەیاننامەكە:

تۆپزاوا شایستەی مۆنۆمێنتە، نەك سەربازگە

ناڕەزایی بۆ دوبارە دانانەوەی سەربازگە لە گۆندی تۆپزاوای کەرکوک

هەمومان هەوڵبدەین (سەربازگەی تۆپزاوا) شوێنی كۆكردنەوەی ئەنفالکراوان، ئۆشفیتزی ئەنفالكراوان بکرێتە مۆنۆمێنت نەک سەربازگە.

ماوەیەكە سوپای عێراق، سەرقاڵی دانانەوەی سەربازگەیە لە گوندی تۆپزاوا لە سنوری پارێزگای کەرکوك، لە هەمان سەربازگەی (تۆپزاوا)ـی پێشو، کە دەیان هەزار ڕۆڵەی کورد لە پرۆسەی ئەنفالدا تێدا كۆكرایەوە و پاشان لە گۆڕی بە کۆمەڵدا زیندەبەچاڵکران.

سەربازگەی تۆبزاوە، هێمای دەڕندەیی ڕژێمی بەعسی فاشیست بوە. هەر شوێن و جێگەیەکی ئەو سەربازگەیە، چیرۆكێکی تراژیدیای ئەنفال و بەڵگەی ئەو تاوانە دەڕەندەیەیە کە دەرهەق بە گەلی کورد ئەنجامدرا دەگێڕێتەوە. ئەم هەوڵەی سوپای عێراق، پێشێلکارییەکی زەقی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە دۆسیەی ئەنفالە، کە تێیدا بڕیاری قەرەبوکردنەوەی مەعنەوی قوربانیانی دەرکردوەو پاراستنی ئەو سەربازگەیەش لە چوارچێوەی ئەو قەرەبوە مەعنەوییەدا دێت، كە یادەوەرییەکانی تاوانەكەی هەڵگرتوەو دەبوایە هەر لەدوای روخانی رژێمی بەعس مۆنۆمێنتی ئەنفالكراوانی تێدا دروست بكرابایە. ئەگەرچی لە رابردودا سەدان جار داوای بە مۆزەخانەکردنی ئەو سەربازگەیە کراوە، وەك مۆزەخانەیەکی قوربانیانی ئەنفال... وەلێ مەخابن نە دەسەڵاتی عێراق و نە حکۆمەتی هەرێم، بە تەنگ ئەم داواکارییەوە نەهاتونە.

ئێمە لە رێکخراوەکانی بواری جینۆسایدو ئەو كەسایەتیانەی لەم بوارە كاردەكەن، وێرای سەرکۆنەکردنی هەوڵەکانی سوپای عێراق داوای راگرتنی ئەو هەوڵە دەکەین بۆ دوبارە بە سەربازگەکردنی شوێنی ئەنفال کردنی گەلی کوردستان کە وەک پەڵەیەکی ڕەشی مێژوی دیکتاتۆری بەعسە بۆ لە بیر نەکردن و دوبارە نەبونەوە و پاراستنی شوێنەکە وەک مۆنۆمێنت و بەبیرهێنانەوەی تاوانەکان بۆ نەوەکانی داهاتو لە (سەربازگەی تۆپزاوا). هاوکات بێدەنگی حکومەتی هەرێم و پارت و لایەنە سیاسیە کوردییەکان لەمەڕ ئەو بابەتە سەركۆنە دەکەین و داوا دەکەین شوێنی ئەنفالکراوان بپارێزرێت و گرنگی پێبدرێت بۆ بەزیندویی هێشتنەوەی یادەوەری ئازیزانمان نەك دوبارە بکرێتە سەربازگە، كە دەبێتە هۆی كولاندنەوەی برینەكانی قوربانیان و هێمایەکە بۆ بەردەوام بونی ئەنفال. لە کۆتایی جەخت دەکەینەوە دوبارە دانانەوەی سەربازگە لە تۆپزاوا پێشێلكارییە بەرامبەر بە مافی كەسوكاری قوربانیان و پێشێلکردنی زەقی قەرەبوكردنەوەی مەعنەوییە و بەرپرسیارێتی یاسایی و مێژویی و ئەخلاقی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراق، چونكە كەیسی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی بڕیاری جینۆسایدی وەرگرتوە.

ناوەكان:

1- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید-KWG
2-رێكخراوی گەشە پێدانی مافی مرۆڤ
3-عارف قوربانی لێكۆلەر لە بواری ئەنفال
4-رێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستان
5-رێكخراوی چاودێری كوردۆساید-چاك كوردستان
6-رێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال
7-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی -koncicc -
8-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ojc-
9-رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
10-رێكخراوی دادپەروەری و ئاشتی جیهانی بۆ مافی مرۆڤ
11-رێكخراوی چاودێری كوردۆساید-چاك
12-رێكخراوی باران بۆ پرسی ئەنفال
13-ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆسایدكراوان
14-تۆڕی ئایكان كوردستان – ikn
15-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان  – oawmd-
16-هێمن حەسیب چالاكوانی بواری جینۆساید
17-عادیل حاجی محەمەد ئەندامی پێشوی پەرلەمانی كوردستان و دەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵەی داكۆكی لە ئەنفالكراوان 18-کۆمەڵەی داکۆکی له پرسی ئەنفال
19-رێكخراوی جیهانێكی بێ چەكی كیمیاوی و بایۆلۆجی
20-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
21-كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە
22-حیكمەت فایەق عارف چالاكوانی بواری جینۆسایدو چەكی كیمیاوی و كۆكوژ
23-رێبوار رەمەزان بارزانی نوسەرو چالاكوانی بواری جینۆساید
24-دكتۆر فاتیح سەنگاوی نوسەرو توێژەر لەبواری پرسی ئەنفال
25-شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق
26-عەدالەت عومەر نوسەرو لێكۆڵەری بواری جینۆساید
27-ئیدریس عەبدوڵا نوسەرو توێژەری بواری ئەنفال
28-عەلی بەندی نوسەرو لێكۆڵەری بواری ئەنفال
29-رێكخراوی پارێزەران و راوێژی یاسایی و پرسی مافی مرۆڤ
30- شێخ سدیق نوسەر لە بواری جینۆسایدو ئەنفال
31- رێكخراوی كار بۆ ئەنفال
32-دیمەن محەمەد  چالاكوانی بواری جینۆساید
33-عەلی مەحمود محەمەد چالاكوانی بواری جینۆساید
34- مەلا  شاخی  نوسەرو رۆژنامەنوس



PM:04:18:23/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 2372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو