یاسای هاتوچۆ لەنێوان حکومەتی هەرێم و عیراق یەکدەخرێت

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گشتی عیراق بەنیازە یاسای هاتوچۆی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم وەک بەشێک لە پڕۆژە یاسایەکی نوێ هەموار بکاتەوە.


تاریق ئیسماعیل ئەلروبەیعی، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی عیراق به‌ رۆژنامەی سەباح-ی نیمچه‌ فه‌رمی راگەیاندووە:  "بەڕێوەبەرایەتییەکە سەرقاڵی نوسینی رەشنوسی یاسایەکی یەکگرتووە لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم، ئەوەش بە هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2019".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی بەڕێوه‌بەرایەتی گشتی هاتوچۆ پێکدەهێنرێت بۆ ئامادەکردنی رەشنوسەکە کە تیشک دەخاتە سەر کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیان لەسەرە لەکاتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان و هەروەها دانی ئەو سەرپێچییانەی کە زیاد دەبێت لەسەریان ئەگەرهاتوو نەیدەن، هەروەها کەمکردنەوەی بارگرانی هاتن و چوونی ئۆتۆمبێلەکان بۆ هەرێمی کوردستان".

باسی له‌وه‌شكردووه‌، كه‌ رەشنووسی یاسا نوێیەکە رێنمایی یەکگرتوو لە خۆدەگرێت لەبارەی سەرپێچی و رسومات و تۆمارکردن.

وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هاتوچۆی عیراق ئاماژه‌ی پێداوه‌، "ئەو کارنامەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئامادەکراوە هاوکار دەبێت بۆ ئاسانکاریی رێکارەکانی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و ئەنجامدانی سەرپێچییەکان، بەشێوەیەک پسوڵەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هاتوچۆی عیراق دەدرێت بە هاتوچۆی هەرێم بە مەبەستی سەپاندنی سەرپێچی بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی خاوەنی تابلۆی پارێزگاکانی خوارو و ناوەڕاستن و سەرپێچی دەکەن، هەروەها بە پێچەوانەشەوە".  



AM:11:16:23/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 2800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو