له‌سه‌ر كێشه‌ی مامۆستایانی وانه‌بێژ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ده‌چێته‌ په‌رله‌مان

‌حه‌سیبه‌ گه‌ردی

وێستگه‌ نیوز ـ
بڕیارە له‌م ھەفتەیه‌دا وەزیری پەروەردەی حكومه‌تی هه‌رێم لەلایەن پەرلەمانی كوردستانه‌وه‌ میوانداری بکرێت بۆ تاوتوێی کێشەی وانەبێژان و چەند پێشنیازێکیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان ھەیە.

حه‌سیبه‌ گه‌ردی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا له‌ پەرلەمانی کوردستان، به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: ''له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پێشووی لیژنەی پەروەردەدا باس لە کێشەی وانەبێژان کرا کە حکومەت چۆن بتوانێت کێشەی وانەبێژان چارەسەر بکات، بۆیە بڕیارە له‌م ھەفتەیه‌دا وەزیری پەروەردە بێتە پەرلەمان و تیایدا گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بکرێت''.

به‌ وته‌ی گه‌ردی، "دوو رۆژ بۆ هاتنی وه‌زیری خوێندنی په‌روه‌رده‌ پێشنیاز كراوه‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ یان چوارشه‌ممه‌، بابه‌ته‌كه‌ش پرسی مامۆستایانی وانه‌بێژه‌ كه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌رێكی ریشه‌ییان بۆ بدۆزرێته‌وه‌".

وتیشی: ''ساڵانە مامۆستایه‌كی زۆر خانەنشین دەبن و وانەبێژ لە شوێنیان وەربگیرێت بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌لیات بۆ ئه‌وانه‌بێت كه‌ ساڵانی خزمه‌تیان زۆره‌".

حه‌سیبه‌ گه‌ردی، باسی له‌وه‌شكرد كه‌ پێشتر حكومه‌تی هه‌رێم كێشه‌ی مامۆستایانی گرێبه‌ستی چاره‌سه‌ركرد و دایمه‌زراندن، له‌ ئێستاشدا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت چاره‌سه‌ری كێشه‌ی مامۆستایانی وانه‌بێژیش بكرێت به‌وپێیه‌ی قه‌یرانی دارایی به‌ره‌و نه‌مان ده‌ڕوات.

لێدوانه‌كه‌ی حه‌سیبه‌ گه‌ردی له‌كاتێكدایه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌ شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێم مانگرتن و گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و داوای دامه‌زراندن ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌ی مامۆستایانی وانه‌بێژ زیاتر له‌ 20 هه‌زار مامۆستایه‌.



AM:10:06:23/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 3352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت