رۆژنامەیەک: تورکیا داوای چۆڵکردنی ناوچەیەک دەکات و بایدن و پووتین ڕێگرن

‌رەجەب تەیب ئەردۆغان. سەرۆکی تورکیا

وێستگە نیوز_

رۆژنامه‌ی سڤۆپۆدنایا پرێسای ڕوسی بڵاویکردەوە، توركیا خۆی ئاماده‌ ده‌كات هێرشێكی تری داگیركاری بۆ سه‌ر ناوچه‌ كوردییه‌كان ئەنجامبدات، به‌ڵام ڕوسیا و ئه‌مریكا ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌، كه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری یه‌كتر ڕێگری له‌ هه‌ر هێرش و جموجۆڵێكی توركیا له‌ سووریا بكه‌ن.


ئه‌لیكسانده‌ر سیتنیكۆڤ نووسه‌ری بابه‌ته‌كه‌ له‌و ڕۆژنامه‌ ڕوسییه‌ ئاماژه‌ی داوه‌، كه‌ میدیاكان بڵاویانکردۆتەوە، شه‌وی 16ی تشرینی یه‌كه‌م، فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی توركیا بڵاوكراوه‌یان به‌سه‌ر شاره‌دێی ته‌لره‌فعه‌ت خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌، داوایان له‌ خه‌ڵكی شاره‌دێكه‌ كردووه‌، كه‌ ناوچه‌كه‌ جێ بهێڵن، چونكه‌ له‌ داهاتوویه‌كی زۆر نزیك توركیا ده‌ست به‌هێرش و ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ته‌لره‌فعه‌ت ده‌كات.

ڕۆژنامه‌كه‌ نووسیویه‌تی، پێشتر مۆسكۆ ڕه‌زامه‌ندی له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی توركیا ده‌ربڕی، چونكه‌ ده‌یه‌ویست جۆرێك له‌ هاوسه‌نگی له‌ باكوری سووریا دروست ببێ و ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام دواتر نیازه‌ شاراوه‌كانی ئه‌ردۆغان به‌ ڕوونی ده‌ركه‌وتن، جیا له‌وه‌یش ئه‌ردۆغان ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌ پووتینی دابوو، بۆ وه‌ستاندنی شه‌ڕ و ماڵوێرانی له‌ ناوچه‌كانی ئیدلب و حه‌له‌ب هیچیان نه‌برده‌ سه‌ر، بۆیه‌ ئێسته‌ ڕوسیا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نییه‌ قبووڵی هێرشێكی تری توركیا و تێكدانی ئاسایشی ناوچه‌یه‌كی تری سووریا بكات.

له‌ به‌شێكی تری بابه‌ته‌كه‌ هاتووه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بێ هیچ گومانێك ڤلادیمێر پووتینی سه‌رۆكی ڕووسیا و جۆ بایدنی سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوانیان ده‌بێ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێگری له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ داگیركارییه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ن، كه‌ تا ئێسته‌ ته‌نیا به‌ قسه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رپاكردنی ده‌كات، و ده‌یانه‌وێ وانه‌یه‌كیش به‌ ئه‌ردۆغان بده‌ن و شوێن و پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی پیشان بده‌نه‌وه‌.

تا ئێسته‌ توركیا سێ هه‌ڵمه‌تی داگیركاری له‌ دژی ڕۆژئاوای كوردستان ئه‌نجام داوه‌، یه‌كه‌میان له‌ ساڵی 2015 ئه‌نجام درا، كه‌ به‌وهۆیه‌وه‌ توركیا ده‌ستی گرت به‌سه‌ر جه‌رابلووس و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر، دواتریش له‌ 2018 هێرشی كرده‌ سه‌ر عه‌فرین و به‌ ته‌واوی شاره‌كه‌ی داگیركرد، دواجاریش له‌ كۆتایی 2019 هێرشی كرده‌ سه‌ر ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات، كه‌ به‌وهۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 300 هه‌زار كه‌س ئاواره‌بوون و سه‌دان هاوڵاتی سڤیلیش له‌ ئه‌نجامی هێرش و بۆردمانی چڕی توركیا گیانیان له‌ ده‌ست دا.



PM:11:05:19/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 9248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت