بافڵ تاڵه‌بانی له‌ كه‌ركوك: له‌ ده‌رئه‌نجامی ریفراندۆمدا زیانی گه‌وره‌مان كرد

‌رزگار عەلی، بافڵ تاڵەبانی و رەفعەت عەبدوڵا

وێستگه‌ نیوز ـ
بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند، راستە لە دەرئەنجامی ریفراندۆم و بەھەند وەرنەگرتنی پێشنیازی وڵاتانی دۆستیان زیانی گەورەیانکرد، بەڵام بێھیوا نەبوون و حزبه‌كه‌ی بۆ ساتێکێش کەرکوکییەکانی جێنەھێشتووه‌.


به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه‌ی، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە کەرکوک لەگەڵ سەرکردایەتی کەرکوک کۆبووەوە.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: لەکۆبوونەوەکەدا بە وردی گفتوگۆکرا لەبارەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و سەرخستنی ھاوپەیمانیی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک و میکانیزمەکانی زیاتر خزمەتکردنی کەرکوکییەکان و رێکخستنەوەی کاری حزبی لە سنورەکە.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ "دوای ئەوەی سەرکردایەتی کەرکوک راپۆرتێکیان لەسەر کۆی ھاوکێشە، پرسە سیاسی و ئەمنییەکان، دۆخی کورد لە ناوچەکە و ھەڵمەتی سەرخستنی ھاوپەیمانیی کوردستان خستەڕوو، بافڵ تاڵەبانی وتەیەکی ھەمەلایەنەی لەبارەی دۆخی گشتی پێشکەشکرد و ئاماژەی بە سیاسەتی نوێی یەکێتی کرد کە رەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و بەرژەوەندییە گشتییەکانە و روونیکردەوە، کەرکوک لای یەکێتی ھێڵی سوورە و وەک سەرۆک مام جەلال فەرموویەتی قودسی کوردستانە، لەبەرئەوە خزمەتکردنی کەرکوک و کەرکوییەکان لەپێشینەی خەباتمان دەبێت و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ ئەوەیە تایبەتمەندی و کوردبوونی کەرکوک بپارێزین".

ھاوسەرۆکی یه‌كێتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "راستە لە دەرئەنجامی ریفراندۆم و بەھەند وەرنەگرتنی پێشنیازی وڵاتانی دۆستمان زیانی گەورەمانکرد، بەڵام بێھیوا نەبووین و یەکێتی بۆ ساتێکێش کەرکوکییەکانی جێنەھێشت، کە ئەمە بەرپرسیارێتی مێژوویی و نەتەوەیی ئێمە بووە لە داھاتووشدا ھەر لێرە دەمێنینەوە و خزمەتدەکەین، ئەرکی سەرکردایەتی کەرکوکیشە پارێزەری راستەقینەی بەدیھێنانی داواکارییەکانی کەرکوکییەکان بن و زیاتر لەناو خەڵک بن و خزمەتی شارەکە بکەن".

بۆ ھاوپەیمانیی کوردستان و سەرخستنی کاندیدەکانی، ھاوسەرۆکی یه‌كێتی وێڕای دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و لیژنەی بانگەشە لە کەرکوک، کە بەشێوەیەکی سەرکەووتوانە ئەرکەکان رادەپەڕێنن، روونیکردەوە "سەرکەوتنی ھاوپەیمانیی کوردستان لە کەرکوک زامنی پاراستنی کوردبوونی شارەکە و پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانە، لەبەرئەوە پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی لە کەرکوک دەنگی یەکەم بهێنێت و ھاوپەیمانیی کوردستان ببێتەوە سەرمەشقی بەردەوامی خزمەتکردنی کەرکوک و کەرکوکییەکان لەو رووەوە بافڵ تاڵەبانی دڵنیایی دەربڕی، کە کەرکوکییەکان لەم وێستگەی سەرکەوتنەشدا پشکی شێریان بەردەکەوێت و وەک ھەمیشە لە پێشەوەی دەنگدان دەبن و ھاوپەیمانییەکەی خۆیان سەردەخەن".


PM:10:11:26/09/2021












ئه‌م بابه‌ته 4464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت