سەرکردەیەکی یەکگرتوو: ئاسایکردنەوەی پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغەیە

‌ سەمیر سەلیم، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو

وێستگە نیوز_ژووری هەواڵ

دەربارەی هەبوونی داوای ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل، ئەندامێکی سەکردایەتی یەکگرتوو دەڵێت، "داوا و کردارێکی لەو جۆرە قەدەغەیە و باسکردنیشی هەر گونجاو نییە".


کۆبوونەوەی ژمارەیەک هۆزی عەرەب لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو کە تیایدا داواکرابوو، "عێراق لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە"، ئەم داوایە حکومەتی عێراق و هەرێم و ژمارەیەک هێزی سیاسی هێنایە دەنگ و داوایانکرد، " بەشدارانی کۆبوونەوەکە دادگایی بکرێن".

لە ئاستی هەرێمی کوردستانیش کاردانەوەی هەبوو، سەمیر سەلیم، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئەمرۆ 25ی ئەیلوول بە وێستگە نیوز-ی وت، "بە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل، کێشەکانی عێراق چارەسەر نابن، بەڵکو کێشەکانی عێراق لە رووی سیاسی، کەلتوور و پێکهاتەیی پەیوەستن بە گرفتی ناوخۆوە".

وتیشی، "باسکردنی داوایەکی لە جۆرەش قەدەغەیە و هەر گونجاویش نییە"، دەربارەی هۆکارەکەی سەمیر سەلیم وتی، " بابەتەکە هەر دۆخی فەڵەستین و گرفتە دوورمەوداکان نین، بەڵکو عێراق دەبێت لەگەڵ واقعی سیاسی وڵاتەکەی و پێکهاتەکەیی مامەڵە بکات".

هەر ئەمرۆ شەممە، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، داوای لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم کرد، ڕێگە بە "کۆبوونەوەی تیرۆرستی نەدەن"، ئەمە سەرەڕای داوای دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی کۆبوونەوەکە و هاوپەیمانی فەتح-یش داوایکرد، "لە داداگایەکی نیشتمانی دادگایی بکرێن".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، دەربارەی ئەگەری سەپاندنی بڕیار یاخود هەڵوێستی عێراق بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندیییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، وتی، " لەکاتی روودانیدا هەڵوێستمان دەبێت".

پێشتر و لەگەڵ ئاسایکردنەوەی، پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل، شیعەکانی عێراق و بەشێک لە سوننەکانی ئەو وڵاتە ئیدانەی رێککەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل-یان کرد و داوای هەڵوێست وەرگرتنیانکرد.
 
هەروەها، بەرەی رزگاری و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "یادەوەریی عەرەبی ئیسلامی پێویستی بە هیچ بەڵگەیەک نییە لەبارەی تۆمارەکانی زایۆنی و خواردنی مافی گەلی عەرەبی فەڵەستینی، لێدان لە یاسا و رێساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە".


PM:06:18:25/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت