ئەنتۆنیۆ گوتیرێس بۆ 100وڵاتی جیهان: بەئاگا بێنەوە

‌ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

وێستگە نیوز_

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانەکانی کەشوھەوا بە سەرکردەکانی جیھانی وت، "بۆ لێدانی زەنگی مەترسی لێرەدام. دەبێت جیھان بە ئاگا بێتەوە. لە لێواری خەرەندداین".


لە خولی حەفتا و شەشەمینی کۆمەڵە کەدا کە زیاتر لە 100 وڵات بەشدارن، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس وتارەکەی بە ئاگادارکردنەوەی سەرکردەی وڵاتان دەستپێکرد و وتی، "بۆ لێدانی زەنگەکانی مەترسی لێرەدام. دەبێت جیھان بە ئاگا بێتەوە. لە لێواری خەرەندداین و بە ئاراستەی ھەڵەدا دەڕۆین"، وتیشی، "ھیچ کاتێک جیھانمان ئەوەندە لە ژێر ھەرەشەدا نەبووە".

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە وتارەکەیدا باسی لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەیرانەکانی کەشوھەوا، پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان، ئەسیوپیا، یەمەن و وڵاتانی دیکە، ھێرشەکانی سەر زانست و نا یەکسانی لە دابەشکردنی ڤاکسین و چەندین پرسی دیکە کرد.

ئەو وتی، "لە چەند وڵاتێکی جیھاندا ڤاکسینی کۆرۆنا دەبینین کە ماوەی بەکارھێنانی بەسەرچووە، بەکارنەھێنراوە و فڕێدراوەتە نێو تەنەکەی خۆڵ. لە چەند وڵاتێکدا ڤاکسینیان لێ زيادە و لەوانەی دیکەشدا لە کۆگاکان بەتاڵن. لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا زۆرینە ڤاکسینیان وەرگرتووە. سەدا 90 و زیاتر ئەفریقییەکانیش ھێشتا چاوەڕێی وەرگرتنی دۆزی یەکەم ڤاکسینن".

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە ئەمریکا و چین کە دوو زلھێزی ئابوریی جیھانین، دوو ھەڵوێستی جیاوازیان لە بوراەکانی ئابووری، بازرگانی، دارایی، تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد ھەیە و لە ئەنجامدا ناکۆکییەکانیان لە دوو ستراتیژی سەربازیی و جیوسیاسیی بەردەوام دەبێت و ھۆشداریی لەوە دایەوە کە ئەگەری ھەیە ئەو ناکۆکییانە لە "بانگەواز بۆ کارەسات" و جەنگی سارد خراپتر بێت.


PM:11:32:21/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 2900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو