رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤ هۆشداری ده‌دات..له‌وانه‌یه‌ هه‌زاران عێراقی له‌ مافی ده‌نگدان بێبه‌ش بن


وێستگه‌ نیوزـ

رێكخراوی چاودێریی مافه‌كانی مرۆڤ هۆشداری ده‌دات كه‌ به‌هۆی نه‌گونجاویی هه‌ندێك شوێن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، ره‌نگه‌ هه‌زاران له‌و عێراقیانه‌ی كه‌ "كه‌م ئه‌ندامن" له‌ مافی ده‌نگدان بێبه‌ش ببن.

رێكخراوه‌كه‌ ده‌ڵێت كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان خوێندنگاكان ده‌كات به‌ بنكه‌ی ده‌نگدان كه‌ هه‌ندێكیان قورسه‌ كه‌م ئه‌ندامان رووی لێ بكه‌ن، یان سندوقه‌كان له‌ نهۆمی دووه‌م داده‌نێت كه‌ به‌رزكه‌ره‌وه‌ی تێدا نیه‌ و كه‌م ئه‌ندامێك كه‌ له‌سه‌ر كورسیه‌ ناتوانێت بگاته‌ ئه‌و نهۆمه‌.

رێكخراوی مافی مرۆڤ ده‌ڵێت كه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریی خێرا له‌ دیاریكردنی شوێنی گونجاو بۆ پرۆسه‌ی ده‌نگدان نه‌كرێت، له‌وانه‌یه‌ هه‌زاران له‌و عێراقییه‌ كه‌م ئه‌ندامانه‌ له‌ مافی ده‌نگدان بێبه‌ش ببن.

بۆ ده‌نگدانی 10ی ئۆكتۆربه‌ری داهاتوو 1079 ناوه‌ندی ده‌نگدان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێنه‌وه‌ و 110 حزب و 22 هاوپه‌یمانی به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش 76 باڵیۆزخانه‌ و رێكخراوی بیانیی بۆ چاودێریكردنی پرۆسه‌كه‌ بانگهێشت كردوه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا 3 هه‌زار و 523 كاندید له‌ 83 بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا كێبڕكێ بۆ بردنه‌وه‌ی 329 كورسیی په‌رله‌مانی داهاتوو ده‌كه‌ن و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی 24 ملیۆن و 29 هه‌زار و 927 ده‌نگده‌ری عێراقی ده‌ده‌ن.


PM:11:41:16/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 3388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو