مسعود بارزانی: ئامانجی دووژمنان ئەوە بوو كە ئیرادەی كوردایەتی و ئازادیخوازیی گەلی كوردستان تێكبشكێنن

‌مەسعود بارزانی

وێستگە نیوز- 

مسعود بارزانی رایدەگەیێنێت، ئەو تاوان و زوڵمەی دەرهەق بارزانییەكان و رۆڵەكانی دیکەی گەلی كورد كرا لەبەر كوردبوون و ئازادیخوازییان بووە. هەروەها دەڵێت، ئیرادەمان بە ئەنفال نەشکا و ئەوە دەبێت ببێتە دەرسی عیبرەت بۆ نەیارانی گەلی كوردستان.

مەسعود بارزانی لە یادی سی و هەشت ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەو تاوانە ئەڵقەیەك بوو لەو زنجیرە ستەمكارییانەی بەسەر رۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی 12 هەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و، كیمیانبارانكردنی هەڵەبجە و دەڤەرەكانی دیکەی كوردستان بگرە هەتا تەعریب و راگواستن و پەلاماری تیرۆریستان و تاوان لەدژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان.''

بارزانی لە پەیامەکەیدا باسلەوە دەکات کە "ئامانجی دووژمنان ئەوە بوو كە ئیرادەی كوردایەتی و ئازادیخوازیی گەلی كوردستان تێكبشكێنن. بەڵام ئیرادەی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان زۆر لە زەبروزەنگ و تۆقاندن و جینۆساید و ئەنفال بەهێزتر بوو. ئەمە دەبێت ببێتە دەرسی عیبرەت بۆ نەیارانی گەلی كوردستان كە لەبەرانبەر میللەتی مەزڵوومی كورد دەستبەرداری عەقڵیەتی نكۆڵیكاری و شۆڤینیەت بن.'' 

پەیامی مسعود بارزانی لە یادی سی و هەشت ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان
 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
ئەمڕۆ سی و هەشت ساڵ بەسەر تاوانێكی گەورەی ڕژێمی پێشووی عێراقدا تێدەپەڕێت. سی و هەشت ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆ ڕژێمی بەعس بە شێوەیەكی دڕندانە هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی نۆ ساڵ هەتا پیرەمێردی نەوەد ساڵان ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراقی كردن و لەوێ دڕندانە كۆمەڵكوژی كردن. 
 
ئەو تاوانە ئەڵقەیەك بوو لەو زنجیرە ستەمكارییانەی بەسەر ڕۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و، كیمیانبارانكردنی هەڵەبجە و دەڤەرەكانی تری كوردستان بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستن و پەلاماری تیرۆریستان و تاوان لەدژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان.
 
لەیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا بەپێویستی دەزانم سوپاسی جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران بكەم كە لە ڕۆژگارە تاریكەكاندا كوردانە و مەردانە هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون. سوپاسی كەسوكاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایك و ئافرەتە بارزانیانە دەكەم كە ساڵانێكی دوورودرێژ تەحەمولی چاوەڕوانی و ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان كردووە و، بوونە نموونەی خۆڕاگری و قارەمانێتی و، سەربەرزانە ڕۆڵەكانیان لەسەر ئەخلاقی باڵا و كوردایەتی و ڕێبازی بارزانی پەروەردە كرد و پێگەیاند.
 
ئەو تاوان و زوڵمەی دەرهەق بارزانییەكان و ڕۆڵەكانی تری گەلی كورد كرا لەبەر كوردبوون و ئازادیخوازییانەوە بوو و، ئامانجی دوژمنان ئەوە بوو كە ئیرادەی كوردایەتی و ئازادیخوازیی گەلی كوردستان تێكبشكێنن. بەڵام ئیرادەی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان زۆر لە زەبروزەنگ و تۆقاندن و جینۆساید و ئەنفال بەهێزتر بوو و، سەرئەنجام ئەو ئیرادە بەرزە سەركەوت و دوژمنانیش شكست و سەرشۆڕییان بۆ مایەوە. ئەمە دەبێ ببێتە دەرسی عیبرەت بۆ نەیارانی گەلی كوردستان كە لەبەرانبەر میللەتی مەزلوومی كورد دەستبەرداری عەقڵیەتی نكۆڵیكاری و شۆڤینیەت بن.
 
مسعود بارزانی
31ـی تەمموزی 2021


PM:01:53:31/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 2012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت