مەسرور بارزانی: جینۆسایدکردنی بارزانیەکان بووە دەستپێكی چەند تاوانێکی تری لەناوبردن و وێرانكردنی كوردستان

‌مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان رایدەگەیەنێت، "38 ساڵ پێش ئێستا لە كردەوەیەكی نەژادپەرستانەدا، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی، تەنیا لەبەر ئەوەی كورد بوون، راپێچی بیابانەكانی باشووری عیراق كرد و كۆمەڵكوژی کران".



سەرۆکی حکومەتی هه‌رێم له‌و په‌یامه‌یدا ده‌ڵێت: "لە كاتێكدا یادی قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژیە دەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عیراقیش، ئەنفالكردنی گەلی كوردستانی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ ناساندووە، كەچی تا ئێستا لە لایەن حکومەتی عیراقەوە قەرەبووی كەسوكاری قوربانیان نەكراوەتەوە. کە ئەركێکی ئەخلاقی و یاسایی حكومەتی عیراقە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتووانی هەمووی ئەو تاوانانە بکاتەوە کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراون".

مه‌سرور بارزانی باسی له‌وه‌شكردووه‌: "جینۆسایدکردنی بارزانیەکان، بووە دەستپێكی چەند تاوانێکی دیکەی لەناوبردن و وێرانكردنی كوردستان، كە لە ساڵانی دواتردا، رژێمی بەعس لە چەند قۆناغێكدا، دەستی بە شاڵاوەکانی ئەنفال و كیمیابارانکردنی هەڵەبجە و وێرانكردنی هەزاران گوند و شارەدێی كوردستان کرد، بەمەش پڕۆسەی کۆمەڵکوژکردنی خەڵكی كوردستان و وێرانکردن و سووتماککردنی کوردستان، گەیشتە ئەوپەڕی ستەمکاریی و دڕندەیی".

دەقی پەیامه‌كه‌:
ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانیانی یەکێک لە دڕندانەترین و گەورەترین تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە 38 ساڵ پێش ئێستا، لە كردەوەیەكی نەژادپەرستانەدا، هەزاران  مرۆڤی بێتاوانی بارزانی، تەنیا لەبەر ئەوەی كورد بوون، ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراق كرد و كۆمەڵكوژی کردن.

جینۆسایدکردنی بارزانیەکان، بووە دەستپێكی چەند تاوانێکی دیکەی لەنێوبردن و وێرانكردنی كوردستان، كە لە ساڵانی دواتردا، ڕژێمی بەعس لە چەند قۆناغێكدا، دەستی بە شاڵاوەکانی ئەنفال و كیمیابارانکردنی هەڵەبجە و وێرانكردنی هەزاران گوند و شارەدێی كوردستان کرد، بەمەش پڕۆسەی کۆمەڵکوژکردنی خەڵكی كوردستان و وێرانکردن و سووتماککردنی کوردستان، گەیشتە ئەوپەڕی ستەمکاریی و دڕندەیی.

ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژیە دەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقیش، ئەنفالكردنی گەلی كوردستانی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ ناساندووە، كەچی تا ئێستا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبووی كەسوكاری قوربانیان نەكراوەتەوە. کە ئەركێکی ئەخلاقی و یاسایی حكومەتی عێراقە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتووانی هەمووی ئەو تاوانانە بکاتەوە کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراون .

لەم یادەدا، پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون، دووپات دەكەینەوە و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنیان درێغی ناكەین.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ  قوربانیانی شاڵاوی جینۆسایدی بارزانیەکان و سەرجەم شەهیدانی گەلی کوردستان دادەنوێنین.

 یاد و یادەوەرییان هەمیشە زیندوو بێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

31ی تەمموزی 2021


AM:10:08:31/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 2840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت