25پەرلەمانتاری کوردستان: وەزارەتی کارەبا فشار لەسەر هاوڵاتیان دەکات بۆ گەرانەوەی قەرزەکانی

‌دیمەنێک لە دراوی عێراقی

وێستگە نیوز-

25 پەرلەمانتاری کوردستان رایدەگەیەنن، هەرچەندە حکومەتی هەرێم بەهۆی پاشەکەوتکردن و لێبڕینی موچە زیاتر لە 10 ترلیۆن دیناری هاوڵاتیان قەرزدارە، بەڵام ماوەی چەند رۆژێکە وەزارەتی کارەبا فشار لەسەر هاوڵاتیان دەکات بۆ ئەوەی قەرزەکانی کارەبا بگەڕێننەوە، بۆیە داوا دەکەین یاسای چاکسازی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و قەرزی سەر هاوڵاتیان لەرێگەی کردنەوەی هەژمارێکی بانکی لە موچە پاشەکەوتکراوەکانیان پاکتاو بکرێت.

حکومەت  زیاتر لە 10 ترلیۆن دیناری هاوڵاتیان قەرزدارە
25 پەرلەمانتاری کوردستان لەراگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاماژە بەوەش دەکەن، ماوەیەكە وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم، پێداگریی دەكات لەسەر دانەوەی ئەو قەرزی كارەبایەی لەلای هاوبەشانی كارەبایە، بۆیە باوەڕیانوایە سەرەڕای ئەوەی ئەركی هەر هاونیشتمانییەكە بەرانبەر بەو خزمەتگوزارییەی پێشكەشیدەكرێت، پارەی خزمەتگوزارییەكان بدات. 

بەڵام دەبێت حكومەت پێش جێبەجێكردنی ئەم ئەركە لەلایەن موچەخۆرانەوە، ئەو مافە خوراوەی موچەخۆران بگەڕێنێتەوە؛ كە لەماوەی چەند ساڵی رابردودا و لە چوارچێوەی نایاسایی "پاشەكەوتی موچە" و "لێبڕینی موچە" و "نەدانی موچە"دا كەوتوەتە سەری، كە زیاتر لە دە تریلیۆن دینارە و قەرزە لەسەر حكومەت، لەكاتێكدا قەرزی كارەبا، ناگاتە یەك لەسەر دەی ئەو پارەیەی كەوتوەتە لای هاوڵاتیان.

ئەوەش هاتوە، دەبێت قەرزی كارەبا و ئاو و خانوبەرە و كۆی قەرزەكانی حكومەت، كە دەكەونە لای موچەخۆران، لەچوارچێوەی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020/ چاكسازیی لە موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینیی لە هەرێمی كوردستان دا جێبەجێبكرێن، ئەمەیش بە كردنەوەی "هەژماری بانكیی" و پاكتاوكردنی قەرزرە كەڵەكەبوەكان یەكلابكرێتەوە، وەك چۆن لە مادەی (13/ بڕگەی یەكەم، خاڵی 1)ی یاساكەدا جەختی لەسەركراوەتەوە، نەك وەزارەتێك بێت و بارگرانی دیكە بخاتە سەر موچەخۆران، كە هێشتا موچەیەكی تەواوەتیی بێ‌ لێبڕینیان وەرنەگرتوە.

ئەو پەرلەمانتارانە دەڵێن، "ئەم پرسە بەهێند وەردەگرین و پێداگریی لەسەر ئەم مافە رەوایەی موچەخۆران دەكەین، كە توێژێكی فراوانی هاوبەشانی كارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەكانن و بە یاسایش ئەو مافەیان بۆ دەستەبەركراوە".


ئەو پەرلەمانتارانەی یاداشتەکەیان واژۆکردوە:

1- مەم بورهان قانع.
2- عەلی حەمەساڵح.
3- شادی نەوزاد.
4- هەورامان گەچێنەیی.
5- شیرین یونس.
6- هەڵز ئەحمەد محەمەد.
7- ئاشنا عەبدوڵلا.
8- ئەبوبەكر عومەر عەبدوڵلا (هەڵەدنی).
9- سەلمە فاتیح.
10- ئیسماعیل تەها سگیری.
11- سیروان بابان.
12- محێدین حەسەن یوسف.
13- سەرچنار ئەحمەد.
14- دابان محەمەد.
15- شێركۆ جەودەت.
16- شیرین ئەمین.
17- شەمۆل ئاشتی سابیر.
18- دیاری ئەنوەر.
19- شایان كاكە ساڵح.
20- موسلیم عەبدوڵلا قەسرێ‌.
21- جەلال محەمەد.
22- رزگار محەمەد.
23- روپاك ئەحمەد رەحمان.
24- یاسین خدر تەها.
25- كاروان گەزنەیی.


PM:09:50:27/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 3636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو