ئیدارەی گەرمیان بۆ وەزیری تەندروستی: زۆر خەمساردیت و تێ ناگەیت

‌جەلال نوری و سامان بەرزنجی

وێستگە نیوز-

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان هۆشداری دەدات بە چوونە ماڵەوەی کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە کۆرۆنا و ئاماژە بەوەدەکات، پێشتر ئەو کارمەندانە لەلایە هاوسەرۆکی یەکێتی مووچەیان دابیندەکرا، بەڵام ئێستا وەزیری تەندروستی ئامادە نیە لە کێشەکانی قەڵا تێبگات.


لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمرۆ سێشەممە 27ی تەمموزی 2021. جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان باسیلەوە کردووە، "نەخۆشخانەی قەڵا لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکرا و لە سەرەتادا ژمارەیەکی زۆر کارمەندی تەندروستی خۆبەخشانە لە نەخۆشخانەکە کاریان کردوە، دواتر لەبەر دابیننەکردنی میلاک لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە، هاوسەرۆکانی یەکێتی موچەی مانگانە بۆ 131 کارمەند دابینکرا و لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی تەندروستی گرێبەستی بۆ 30 کارمەندی تری نەخۆشخانەکە کرد".

ئەوەشدەخاتەڕوو، " لەماوەی سێ مانگی رابردوودا موچەی هاوسەرۆکانی یەکێتی راگیراوە و کارمەندان بە خۆبەخشانە درێژەیان بە خزمەت داوە، ئێمەش لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیمانەوە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لە پەراوێزی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەی کۆرۆنا، ویستمان بارودۆخی خراپی نەخۆشخانەی قەڵا بگەیەنین بە وەزیری تەندروستی ".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان نیگەرانی خۆی لە هەڵوێستی. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی دەربڕیوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "وەزیری تەندروستی زۆر خەمساردانە و بێباکانە لە بابەتەکەی روانی و دوور لە ئەتەکێت و بێ حسابکردن بۆ ئیدارەی گەرمیان و نەخۆشخانەی قەڵا کە نەخۆشخانەیەکی سەر بە وەزارەتەکەیەتی وەڵامی دایەوە و پێی ووتین، ئەوە پێشتر بە کاری حزبی کراوە و ئامادە نەبوو زیاتر گوێ بگرێت و لە کێشەکانی نەخۆشخانەی قەڵا تێبگات، تەنانەت هەوڵ و ماندووبنی سەرجەم کارمەندانی قەڵای بە کەم سەیرکرد و بە حزبی ناوی بردن".

جەلال نوری، هۆشداری ئەوەشدەدات، "ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵا دەڕۆنە ماڵەوە، بەمەش نیوەی نەخۆشخانەکە بە تەواوی دادەخرێت و مەترسی لەسەر ژیانی توشبوان دروست دەبێت. ئەوکاتە پێویستە نەخۆش لەکەلارەوە بۆ سلێمانی بگواسرێتەوە لەکاتێکدا نەخۆشخانەکانی سلێمانی خۆیان لۆدیان لەسەرە".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە

راگەیەندراوێک لە ئیدارەی گەرمیانەوە لەسەر موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵا

نەخۆشخانەی قەڵا لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن خێرخوازانەوە دروست کرا و لەسەرەتادا ژمارەیەکی زۆر کارمەندی تەندروستی خۆبەخشانە لە نەخۆشخانەکە کاریان کرد، دواتر لەبەر دابین نەکردنی میلاک لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە  لەلایەن هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە موچەی مانگانە بۆ ١٣١ کارمەند دابینکرا و لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی تەندروستی گرێبەستی بۆ ٣٠ کارمەندی تری نەخۆشخانەکە کرد، لەماوەی سێ مانگی رابردوودا موچەی هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان راگیراوە کارمەندان بە خۆبەخشانە درێژەیان بە خزمەت داوە، ئێمەش لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیمانەوە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لە پەراوێزی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەی کۆرۆنا، ویستمان بارودۆخی خراپی نەخۆشخانەی قەڵا بگەیەنین بە وەزیری تەندروستی و پێمان راگەیاند کە ئەو ژمارە کارمەندەی نەخۆشخانەی قەڵا گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان هەیە بەڵام موچەکانیان لەلایەن هاوسەرۆکانەوە دابین کراوە و ئێستا راگیراوە موچەیان، بەڵام وەزیری تەندروستی زۆر خەمساردانە و بێباکانە لە بابەتەکەی روانی و دور لە ئەتەکێت و بێ حسابکردن بۆ ئیدارەی گەرمیان و نەخۆشخانەی قەڵا کە نەخۆشخانەیەکی سەر بە وەزارەتەکەیەتی وەڵامی دایەوە و پێی ووتین، ئەوە پێشتر بە کاری حزبی کراوە و ئامادە نەبوو زیاتر گوێ بگرێت و لە کێشەکانی نەخۆشخانەی قەڵا تێبگات، تەنانەت هەوڵ و ماندونی سەرجەم کارمەندانی قەڵای بە کەم سەیر کرد و بە حزبی ناوی بردن.

ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵا دەڕۆنە ماڵەوە، بەمەش نیوەی نەخۆشخانەکە بە تەواوی دادەخرێت و مەترسی لەسەر ژیانی توشبوان دروست دەبێت. ئەوکاتە پێویستە نەخۆش لەکەلارەوە بۆ سلێمانی بگواسرێتەوە لەکاتێکدا نەخۆشخانەکانی سلێمانی خۆیان لۆدیان لەسەرە، بۆیە ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان داوا لە بەڕێز کاک بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەین لەپێناو پاراستنی ژیانی توشبوانی کۆرۆنا لە گەرمیان و ئاوڕدانەوە لە گەرمیانیەکان، بەردەوامی بدات بە پێدانی موچەی ئەو کارمەندانەی نەخۆشخانەی قەڵا، لێرەشەوە دڵنیایی دەدەین بەهاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوری ئیدارەی گەرمیان، ئێمە لە هەموو دەرگایەک دەدەین بۆ دابینکردنی موچەی ئەو کارمەندانە و دانەخستنی نیوەی نەخۆشخانەی قەڵا.

جەلال نوری
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان
٢٠٢١/٧/٢٧


PM:07:48:27/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 7628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت