پۆلیسی سلێمانی مۆڵه‌تی هه‌فته‌یه‌ك ده‌داته‌ ئۆتۆمبێله‌ بێ سه‌ره‌تاكان

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردراوە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە ئۆتۆمبێلی جامڕەش، ئۆتۆمبێلی ژمارە رەش و بێسەرەتا لێدەخوڕن و رێگەپێدانی هەڵگرتنی چەک یان هەیە و لەلایەن کەس و لایەنەکانەوە بۆیان کراوە.



سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بەڕێوەبەری هاتوچۆی ناوشاری سلێمانی رایگەیاند: "کاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی تەمموزی2021 لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و ئەفسەرە پلە باڵاکان رێکخرا، بە مەبەستی بەدواداچوون و جێبەجێکردنی هەندێک کاری نایاسایی کە لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدرێن".

بە وتەی سەرکەوت ئەحمەد، گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە "لە رێگەی دانانی مەفرەزی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان" دەبێت. وتی: "رێوشوێنی تەواو لەگەڵ ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە ئەو سەرپێچیانە ئەنجام دەدەن".

لەبارەی قەدەخەکردنی ئۆتۆمبێلی جام رەش و ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا، عەقید سەعدوڵا عەزیز، بەڕێوەبەری هاتوچۆی ناوشاری سلێمانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: "لە ئەمڕۆوە تا یەکشەممەی داهاتوو مۆڵەت بە هەموو ئەو شۆفێرانە دەدرێت کە تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان ساختەکردووە، یان جامی ئۆتۆمبێلەکانیان بە شێوەیەکی نایاسایی رەشکردووە یاخود پەردەیان هەڵواسیوە و ناو ئۆتۆمبێلەکانیان تاریک کردووە، لەدوای ئەو وادەیە رێکاری یاساییان لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر و چاوپۆشیش لە هیچ کەس و لایەنێک ناکرێت".

عەقید سەعدوڵا، ئامانجی ئەو بڕیارەی بۆ، "رێکخستنەوەوی ناو شار" گەڕاندەوە و وتی: "دەمانەوێت لەو رێگەیەوە ناوشار رێکبخەینەوە لەو سەرپێچیانەی بەدیدەکرێن".

سەرکەوت ئەحمەد، ئاماژەی بەوەدا "لەکاتی دانانی بازگەکان ئەو رێگەپێدان و نووسراوانەی بە شۆفێرەکان دراوە، لێیان دەسەندرێتەوە. بۆ چەکیش پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و وەزارەتی ناوخۆ دەتوانن مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک بەو کەسانە بدەن کە پێویستە. وەزارەتی ناوخۆ تەنیا رێگە بە ئەفسەران و هەندێک کەسی دیکە داوە کە پێویستە دوای دەوام چەکیان پێبێت، ئەوانە رێگەپێدراون و پێناسیان پێیە، بەدەر لەوە هەر کارمەندێکی وەزارەتی ناوخۆ چەکی خۆیشی پێبیت بگیرێت، رێکاری یاسایی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر".


PM:01:15:18/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 12852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت