سەربەست عوسمان: خەڵکمان دەستگیرکردووە لە باخەکەیدا ئاوی دەفرۆشت

‌سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی

وێستگە نیوز-
سازدانی/ مەزهەر كەریم

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ وێستگە نیوز، ئاشكرایدەكات، كێشەی کەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر نابێت. ئەو دەشڵێت،" ئەو كەسانەی لەسەر هەواڵێك جوێنیان بەمن دەدا لە مانگی حەوت‌ و هەشتدا دێنە بەرمێزەكەم دەڵێن ئاوی دەموچاو شۆردنمان نیە"، ئەوەشدەخاتەڕوو، یاسایەکیان نیە بۆ پاراستن و سزادانی سەرپێچیکاران ئەوەی هەیە هی سەردەمی دوو ئیدارەییە.

وێستگە نیوز: كێشەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لەئێستادا چیە؟

سەربەست عوسمان: كێشەی ئێمە وشكە ساڵیە، كە بیری خەڵك زۆری وشك بووە، سەرچنار ئاوی كەمی كردووە، ئاوی كشتوكاڵی وشكی كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە، وێستگەكانمان، دوكانی یەك‌و دوو بە بەردەوامی ئیش دەكەن، بە بەردەوامیش بودجەی پێویستییان دەوێت بۆ ئەوەی لەكار نەكەون، خۆتان دەزانن زۆربەی ماڵ‌ و دێكانی دەوروبەری سلێمانی پێویستیان بەئاوەو ئێمە لەتواناماندا نیە، بەڵام ئەوەی كە لەبەردەستدایە بەكارمان هێناوە، بابەتی بودجەش ئەوە لایی حكومەتی هەرێمە، كەدەبێت ئاوڕێكی زیاتر لە بەرێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بداتەوە، چونکە لە 20% شاری سلێمانی تۆڕی ئاوی نیە.

وێستگە نیوز: واتا كێشەی ئاوی هاوڵاتیانی سلێمانی بەزووی چارەسەر نابێت؟

سەربەست عوسمان: كێشەكانی ئاوی سلێمانی بەس حكومەت نیە بڵێین حكومەت بودجە دابین ناكات، حكومەت بودجەش دابین بكات كێشەكان چارەسەر نابن، ناهۆشیاری هاوڵاتیان، لەگەڵ بەكارهێنانی ئاودا یەكێكە لەكێشەكان، ئێمە كە دەڵێین لەسێ ڕۆژدا دوو كاتژمێر زیاتر ئاو دابین دەكەین بۆ ماڵان، ئەوە بڕی ئاوی هاوڵاتیەكەیە بڕی یەك ڕۆژ نیە، بەڵام خراپ بەكارهێنانی ئاو ناهۆشیاری بەكارهێنانی ئاو خۆی لەخۆیدا كێشەیەكی گەورەیە، بەنمونە ئەو هەموو زیادە ڕۆیانەی كراوەتە سەر بۆریە سەرەكییەكانی ئاو هەر لە دوكانەوە تا دەگاتە سلێمانی، هەر لە چەمچەماڵەوە تاوەكو ئۆردوگای شۆڕش هەمانە هەموویان هاوڵاتین كێشەیان دروستكردوە حكومەت نیە، كێشەی ئاو وەك تەلی كارەبا نیە بە ئاسمانەوە ببینرێت، خەڵك بەشەو بۆریەك دەكات بە بۆریەكداو شەو دایدەپۆشێتەوە و كەسیش پێینازانێت، لەم ڕۆژانەدا لە گەڕەكی قولەرەیسی ئاسایش باخێكیان ئاشكرا كردووە، پێنج تەنكەر ئاوی بیست‌ و پێنج هەزار دیناری لەو دەقەیەدا لەبۆری ئاوی سەرەكی سلێمانی دوكان بردوە، لەرێگەی بۆریەوە ئاوی فرۆشتوە سەرەڕایی ئەوەی باخەكەشی پێ ئاوداوە، ئایا چەندی دیكەی وا هەیە لەكاتی بۆنەو پشووەكاندا بەو شێوەیە بۆری دوكان سلێمانیان كونكردەوە ئاو دەبەن بۆخۆیان، كە نازانرێت.

وێستگە نیوز: بۆ حكومەت بەپێی یاسا لێپێچینەوە ناكات لەو هاوڵاتیانەی سەرپێچی دەكەن؟

سەربەست عوسمان: رێنمایمان هەیە، كە لە سەردەمی دوو ئیداریە دەرچووە، كە ئەوكات عومەر فەتاح سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بووە، رێنمای بۆ دەركردوین، غەرامەكانی دیاریكردوە، بەڵام یاسایەك هەیە لە پەرلەمان، ئەوەبوو هەڵایەكی لەسەر نرایەوە لەسەر هەندێك كێشەی لاوەكی، ئەو یاسایە پێیدەوترێت یاسای پاراستنی تۆڕەكانی ئاو، لەو یاسادا بەدوور و درێژی‌ و بەوردی‌ و بەدەستكراوەیەكی باشەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوەكان، كە مامەڵەی یاسای‌و سزای یاسای سەرپێچی كاران بدات،  ئەوەبوو پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆكرد و بەهۆی ناكۆكی پەرلەمانتاران كە كێشەی تێدایە‌ و دەبێت چارەسەری بكەن، چاوەڕوانین لە وەقاعیقی كوردستان بڵاوی بكەنەوە و ئێمەش جێبەجێی بكەین.

وێستگە نیوز: لەماوەی پێشودا باسی ئەوەتكرد خەڵكی كەم خۆیی بشوات ئەمەش هاڵایی لێكەوەتەوە بەبڕوایی ئێوە بۆچی ؟

 سەربەست عوسمان: لەو كەسانە تێدەگەم كە وەڵامی پڕوپوچ دەدەنەوە، دوبارەی دەكەمەوە وتم بەشەرمەوە داواكارین لەهاوڵاتیان ئەگەر جاران دووجار لەڕۆژێكدا خۆیان دەشۆرت، بیكەن بەیەك جار، ئیتر ئەو هەڵایی خۆی ناوەتەوە، ئەوە نیشانەی بیركۆڵیی‌و كاڵفامی‌و ناهۆشیاری‌و نا بەرپرسیاریەتی خۆی دەكات، ئەوەی من پێشبینی دەكەم لەمانگی حەوت‌ و هەشتدا بێ ئاویەكی زۆر ڕووبدات، ئەبینم ئەوەی جوێنی بەمن دەدا دێتە بەر مێزەكەم دەڵێت ئاوی دەموچاو شۆردنم نیە چی بكەم، ئێمە ساڵانێكە لەم كارەداین و دەزانین، هەزار خۆپیشاندان بكرێت لەبارەی كەم ئاویەوە هیچ ناكرێت چونكە ئاو نیە كەنەبێت حكومەت لەكوێ‌ بۆت بێنێت.

وێستگە نیوز: سێ ساڵ پێش ئێستا باسی ئەوە كرا ئاوی دوكان شیاو نیە بۆ خواردنەوە بۆچی؟

سەربەست عوسمان: من دەتوانم بڵێم نەك ئاوی دوكان سلێمانی، بەڵكو ئاوی هەرێم هیچ كێشەیەكی نیە تەنیا هەندێك جار نەبێت بۆری لێرەو لەوێ‌ دەشكێت سوتفە پیس بوون ڕوودەدات، بەدواداچونی بۆ دەكەین چارەسەری بۆ دەكەین، موختەبەراتی ئێمە سەعات بە سەعات كوالێتی ئاو‌ و رێژەی كلۆر وەردەگرێت، تەندرستی سلێمانی بەردەوام ڕەقیبن بەسەرمانەوە ئەگەڕێن بە تەنكی ماڵاندا بەشەبەكاتی ئاودا بە سەرچاوەی ئاوەكاندا خۆیان چاودێرن بەسەر ئاوی سلێمانیەوە ئاخۆ پیسە یان نا، ئێمە ئەگەر بزانین ئاوەكە شیاو نیە بۆ خواردنەوە دەیگرینەوە، خۆ مەچەكمان نابڕن، حكومەتیش نەیوتوە ئاوی پیس بدەن بە خەڵكی بڵێن پاكە.

وێستگە نیوز: تەنیا بەڕێگەی كلۆر ئاو پاكژ دەكەنەوە بۆچی؟.

سەربەست عوسمان: مەسەلەی پاكژكردنەوەی ئاو بەكلۆر جیهانیە لە 80%ی وڵاتان كلۆر بەكاردەهێنن بۆ پاكژكردنەوەی ئاو، وڵاتانی دراوسێ‌‌و ئەوروپایی كلۆر بەكاردەهێنن، با ڕێكخراوی جیهانی (WHO) كلۆر قەدەغە بكات ئەو كات ئێمەش قسەمان نامێنێت، یونیسێف خۆیان كلۆرمان بۆ دەكڕن ئەگەر پێویستمان پێی بێت، بەڵام بیریشمان نەچێت یاسای ئاڕ ئۆ هەیە نیزامی ئەلتڕا ڤایۆلیت هەیە نیزامی ئۆ سری هەیە، هەمووشی ڕەنگە بۆ ئەو كەمیە ئاوەی ئێمە بەكاری دەهێنین عەمەلیی نەبێت، حكومەتیش خۆی لەقەیراندایە، لەبەر ئەوە كلۆرەكە باشترینە بۆ پاكژكرنەوەی ئاو.

وێستگە نیوز: باس لەوە دەكرێت نایەكسانی هەیە لەدابەشكردنی ئاو لەگەڕەكانی شاری سلێمانیدا بۆچی؟

سەربەست عوسمان: بەهۆی تۆبۆگرافیای شاری سلێمانیەوە دابەشكردنی ئاو ناتوانیت بڵێیت 100% بەڕێكی ئاو دابەشدەكەین، سیستەمێك هەیە دەڵێن سیستەمی زۆن تا ڕادەیەك باشترە، ئەتوانین چەند گەڕەكێك‌ و تەنكیەك دابنێین جارێ ئەگەر پارەی تەنكیمان هەبێت ئەی ئەرز لەكوێ‌ ماوە، سلێمانی كراوە بە 39 زۆنەوە بەگوێرەی یەكێك لە ماستەرپلانەكان، لەكوێ‌ جێگەی 39 تەنكی گەورە ماوە بۆری بەكوێدا بەرم بۆیان لەبەر ئەوە تازە ئەو شتانە تاڕادەیەك قورسە.

وێستگە نیوز: ژمارەیەك بەنداو هەبوون لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەدەر لە بەنداوی دوكان چیان بەسەرهات دەتوانن سودیان لێوەربگرن لە داهاتودا؟

سەربەست عوسمان: حكومەتی هەرێم دەبێت زیاتر پشت ببەستێ بە هەموو ئاوەكان لە ناوخۆ، وەك بەنداوەكان، دەریاچەی دوكانیش لە 45%ی لەناوخۆدایە بەشی شاری سلێمانی دەكات ئەگەر وڵاتانی دراوسێش بەنداو لەسەر ئاوەكانی خۆیان دروستبكەن دەبێت ئێمە بەشی خۆمان گلبدەینەوە لەڕێگەی بەنداوەكانەوە.

وێستگە نیوز: ئاوی ئاوەڕۆ بۆ خواردنەوە بەكارهاتووە لەلایەن چەند كەسێكەوە ئێوە تا چەند ئاگادارن؟

سەربەست عوسمان:  ئەوە لیژنەی تەجاوزات لەشارەوانی سلێمانی دەستیان بەسەر ئەو شوێنەدا گرتوەوە ئەو كەسانە دراون بەدادگا، ئەم شتانەش بەردەوام دەبێت ڕەنگە دە جێگەی دیكەی وایش هەبێت.

وێستگە نیوز: ژمارەیەك بیری حكومیتان هەیە تاچەند سوتان لێ بینیوە لەم كاتی بێ ئاویەدا؟

سەربەست عوسمان: لەئێستادا شانزە بیرمان كاردەكان لەمانگی داهاتووشەوە بیرێكی دیكەی ئیرتیوازیمان دەكەوێتە كار، تا سوود بەخەڵكی شاری سلێمانی بگەیەنێت لە ئێستادا.




PM:05:54:03/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 5932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو