مەلا بەختیار: گۆڕان وا تێگەیشتووە بەم هاوپەیمانییە ئیتر گەندەڵی پاك دەبێتەوە


وێستگه‌ نیوز-
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی ‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی رایده‌گه‌یه‌نێت، باسنەكردنی گەندەڵی لەم هاوپەیمانییە، لە زەرەری گۆڕان دەشكێتەوە و لەناو ریزەكانیاندا لێكەوتەی خراپی لێدەكەوێتەوە، كە زیانی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی هاوبەش دەبێ.‌
 
مەلا بەختیار لەکاتی پێشوازیکردن لە ژمارەك كەسایەتی‌ ‌و رۆشنبیریی سنووری گەرمیان رایگەیاند، هەڵبژاردنی پێشوەختە بەبیانوویەكە بۆ شكستی حكومەت، پەرلەمان، باری ئابووریی و بەرزبوونەوەی رێژەی گەندەڵی، لەكاتێكدا ئەگەر رێگە بدرێ‌ ئەو هەڵبژاردنەش ئەنجامبدرێت‌ و كێشەو گرفتی بۆ دروستنەكرێت.
 
مەلا بەختیار، رونیشیكرده‌وه‌، كێشە گەورەكە ئەوەیە، پارت ‌و لایەنە سیاسییەكانی عێراق ‌و كوردستان، لە خۆیان و چارەنووسیان و پێگەی جەماوەری خۆیان دڵنیا نین، چونكە بەشی زۆری جەماوەر متمانەی بەرامبەریان لەدەستداوە. بەڵام "نەگبەتییەكە لەوەدایە كە ئەو لایەنە سیاسییانە، خاوەنی هێزی چەكدارن، ئایا كێ‌ و چ دەسەڵاتێك دەتوانێ‌ ئەو هێزە چەكدارانە لەلایەنەكان وەربگرێتەوە، ئەگەرچی نموونەكەی كوردستان، باشترە ئەگەر بەراوردی بكەین، بە عێراق ‌و هێزە چەكدار و میلیشاكان و حەشدی شەعبی، كە تەواوی جومگەكانیان كۆنترۆڵكردووە، ئەمەش وایكردووە مەترسی گەورە و دۆخێكی نالەبار لە عێراقدا هەبێت."

 مەلا بەختیار وتی: رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لە هەڵبژاردنی عێراق کارێكی سیاسی باشە، هیوادارم هەتا یەكگرتنی هەردوولا بەردەوامبێت.

ئه‌و ده‌شڵێت، دەستەواژەی گەندەڵی، لە ناوەڕاستی نەوەدەكانەوە كاك نەوشیروانی رەحمەتی دایهێناوە، بەتایبەتی لە ئیدارەی سلێمانی ئەوكاتە. كە گۆڕانیش جیابوونەوە، هەتا ئێستاش سەروبنی زمانی راگەیاندنیان، دژایەتی گەندەڵییە، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق‌ و كوردستانی گۆڕان، پەیتا پەیتا باسی گەندەڵی دەكەن، بە ئامار و بەڵگەوە، گەندەڵییەكان لە مەرزەكان دەخەنەڕوو، خێرە لەم هاوپەیمانییە نوێیەی گۆڕان‌ و یەكێتیی، گۆڕان داوای پاكسازی گەندەڵی نەكردووە، بۆ گۆڕان وا تێگەیشتووە بەم هاوپەیمانییە ئیتر گەندەڵی پاك دەبێتەوە؟ باسنەكردنی گەندەڵی لەم هاوپەیمانییە، لەزەرەری گۆڕان دەشكێتەوە، لەناو ریزەكانیاندا لێكەوتەی خراپی لێدەكەوێتەوە، كە زیانی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی هاوبەش دەبێ".‌


PM:05:01:21/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 2608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت