کازمی: یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون لە عێراق دروست دەكەین


وێستگە نیوز-
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە کۆی 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە پرۆژەی بەسمایە لە بەغدا تاوەکو ئێستا تەنیا 35 هەزار یەکەیان تەواوکراون، بەڵام "ئامانجمان دروستکردنی یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوونە لە هەموو عێراق".
 
ئەمڕۆ شەممە نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند: "مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سەردانی پرۆژەی شاری بەسمایەی لە بەغدا کرد بۆ بینینی باڵەخانەکان و یەکە نوێیەکانی نیشتەجێبوون؛ کە بەم زووانە رادەستی هاووڵاتیان دەکرێن".
 
بەپێی راگەیەنراوەكە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەسمایە رایگەیاندووە: "خۆشحاڵم سەردانی شاری بەسمایە دەکەم دوای ئەوەی ساڵی رابردوو پارەی پێویستمان بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار دابین کرد و پرۆژەکە زیندووکرایەوە، چونکە لە ساڵی 2019 دا بەهۆی قەیرانی ئابووری و یاسا بێسوودەکان و بەڕێوەبردنی نادروست پرۆژەکە وەستا؛ ئێستاش لێرەم بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی پرۆسەی جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکەم".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کازمی وتی: "قیستمان لە 25٪ وە بۆ 10٪ کەمکردەوە وەک ئاسانکارییەک بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە دەخوازن شوقە لە شاری بەسمایە بکڕن، هەروەها بڕی سوودی ساڵانەمان لە 4٪ وە بۆ 2٪ کەمکردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی هاووڵاتیان، سستییەکی زۆر لە پرۆژەکەدا هەبوو، بەڵام رێڕەوەکەمان راستکردەوە؛ ئەوەش هاندانێک بوو بۆ هاووڵاتیان کە هەموو شوقە بەردەستەکانی شارەکەیان کڕی، ئێستاش کار بۆ پێشخستنی بەسمایە دەکەین بۆ ئەوەی ئامانجی خۆی کە دروستکردنی 100 یەکەی نیشتەجێبوونە بەدیبهێنێت؛ لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا تەنیا 35 هەزار لەو یەکانە تەواوکراون".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: "کار بۆ دابینکردنی ژێرخانی پێویست بۆ شاری بەسمایە دەکەین وەک رێگەی خێرای نێوان بەسمایە و بەغدا، لە بودجەی ئەمساڵیشدا پارەی پێویستمان بۆ ئەو رێگەیە دابین کردووە، هاوکات بە شێوەیەکی رژدی کار دەکەین بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆژەی دیکە تاوەکو دەگەینە ئامانجی دروستکردنی یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون لە هەموو عێراق، لەو چوارچێوەش کار دەکەین بۆ دەستپێکردنی 10 پرۆژەی هاوشێوە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بۆ دروستکردنی شار و کۆمەڵگەی نوێی نیشتەجێبوون".
 
پرۆژەی شاری نیشتەجێبوون بەسمایە 10 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری بەغداوە دوورە، رووبەری پرۆژەکە زیاتر لە 18 هەزار دۆنمە و بڕیارە 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی تێدا دروست بکرێت، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە کرا، کەچی تاوەکو ئێستا تەواو نەبووە، چاوەڕوان دەکرێت پرۆژەکە ببێتە شوێنی نیشتەجێبوونی نزیکەی 600 هەزار کەس.


PM:09:24:19/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 6100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت