نرخی دۆلار جێگیر ده‌كرێته‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ

به‌ وته‌ی په‌رله‌مانتاران و شارازایانی ئابووری عیراق، بانكی ناوه‌ندی له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ نرخی دۆلار به‌وه‌ی كه‌ پێشتر دایناوه‌ جێگیر بكاته‌وه‌ و فرۆشتنی رۆژانه‌ی دۆلار زیاد بكات.



ئەحمەد حاجی رەشید، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ ئاژانسی نیشتمانی هەواڵی عیراقی راگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا نرخی نەوت بەرزبوویەوە و گەیشتە نزیکەی‌ 75 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەوەش واتای ئەوەیە کە بڕێکی زیاتری دراوی قورس (دۆلار) دێتە ناو عیراق کە کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت بۆسەر خستنەڕووی ئەو دراوە لە بازاڕەکاندا، ئەوەش هۆکار دەبێت بۆ دابەزاندنی نرخەکەی‌ لە بەرامبەر دیناری عیراقی".  

داواشی لە بانکی ناوەندیی عیراقی کرد، "خستەڕووی دۆلار بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان زیاد بکات و بانکەکان ناچار بکات نرخی دۆلار دابەزێنن تا نرخی دینار ببوژێتەوە".  

هەفتەی رابردوو نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت 74 دۆلاری تێپەڕاند کە ئەوەش بەرزترین ئاست بوو لە نیسانی 2019ە وە تۆمار کرابێت.  

ماوەی سێ هەفتەیە و بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەری بە تایبەت دوای خاوبوونەوەی‌ دۆخی کۆرۆنا و خێرابوونی هەڵمەتی کوتان بە ڤاکسین، نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەی‌ بەردەوامدایە.  

لە ئێستادا نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی یەکسانە بە 149 هەزار و 850 دیناری عیراق، فرۆشی دۆلار لە بانکی ناوەندیی عیراق بەروارد بە ماوەی رابردوو زیادی کردووە کە ئەوەش هۆکار دەبێت بۆ دابەزاندنی.  

هاوکات راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند: بانکی ناوەندیی عیراق دەتوانێت لە رێگەی ئەو یەدەکە نەختینەیی کەهەیەتی لەدراوی بیانی و دۆلار کۆنتڕۆڵی نرخی دۆلار بکات و رێگریی لەبەرزبوونەوەی زیاتری‌ نرخەکەی بکات.  

مه‌زهه‌ر محەمەد ساڵح، بەئاژانسی هەواڵی فەرمی عیراقی راگەیاند: "سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی عیراق کە پاڵپشتە بەو یەدەکە باشەی کە هەیەتی، کۆنتڕۆڵی نرخی دۆلار بکات و رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری بکات".  

وتیشی: "لەئێستادا بانکی ناوەندی توانیویەتی رووپۆشی خواست لەسەر دۆلار بکات لە رووی پرۆسەکانی بازرگانیی دەرکی و دابین کردنی پێدوایستییەکانی ناوخۆ".  

ئەوەشی وتووە، "کۆنتڕۆڵکردنی نەختینەیی ناوخۆیی و زیادکردنی رێژەکەی سەقامگیری بۆ بازاری دراوە لە عیراق دەگەڕێنێتەوە کە ئەوەش وادەکات لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو لادانە کاتیانەی کە دروست بوون لەنرخی دۆلار نەمێنێت و جێگیر بێت لەسەر بنەمای ئەو نرخەی کە حکومەت دایناوە".


AM:10:55:19/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 32528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت