ئەمنستی بۆ حکومەتی هەرێم: كۆتایی بە تۆقاندن و دادگاییكردنی نادادپەروەرانە بێنە

‌لۆگۆی ئەمنستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان

وێستگە نیوز-
 
رێکخراوی ئەمنستیی ئینتەرناشناڵ ئەمڕۆ سێشەممە 15ی حوزەیرانی 2021، لە ماڵپەری فەرمیی خۆیدا راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە.  ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئاژانسی پاراستن تۆمەتبار دەکات بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە رێگەی دەستگیرکردنیان و دادگاییکردنیان "بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە" و ترساندنیان. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەڵامی راپۆرتەکە دەداتەوە.

 
رێکخراوەکە دەڵێت، بەردەوام دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک پارێزەر و چالاکوانانی بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ کردووە. لە ناوەڕاستی ساڵی 2020دا لە هەولێر و دهۆک و سلێمانیدا خۆپیشاندانی فراوان کراوە، داوای کۆتاییهێنان بە گەندەڵی، خزمەتگوزاریی باشتر، پێدانی مووچە دواکەوتووەکانی فەرمانبەران کراوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتی لە ناوچەی بادینان زیاتر لە 100 کەسیان دەستگیرکردووە. تاوەکو ئێستا 30 کەس لە گرتووخانەکاندا ماونەتەوە.
 
هەر ئەمڕۆ نوسینگەی رێکخەر بۆ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راپۆرتەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵی داوەتەوە.

نوسینگەکە دەڵێت: "بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی رابردوودا، ئاڵنگارییەکی زۆری خستە بەردەم حکومەتی هەرێم. لە بەرامبەردا، حکومەت پاراستنی تەندروستیی گشتی لە بەرچاو گرتووە. بەتایبەتی داوای لە میدیاکان کرد کە هانی خەڵکی نەدەن بۆ سەرپێچیکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، ئەوانەی رێنماییەکانیان شکاند و گردبوونەوەیان ئەنجامدا و ئەو میدیایانەشی هانی سەرپێچیکردنیان دەدا، دووچاری رێکاری یاسایی بوونەوە"، بەڵام  رەتیدەکاتەوە، بەدەر لە رێکاری یاسایی، هیچ کەسی لەسەر ئەم پرسە دەستبەسەرکردبێت.
 
رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی دەڵێت 21 چاوپێكەوتنی لەگەڵ قوربانیان و كەسوكاری دەستبەسەركراوان و پارێزەران و كارمەندانی مافەكانی مرۆڤ و رۆژنامەڤانان لە هەرێمی كوردستان کردووە، چاوی بە پەڕاوی بەندکراواندا خشاندووە. بەمەش كەیسی 14 كەسی لە بادینان تۆماركردووە، كە سێیانیان رۆژنامەڤان و 11 چالاكوانی مەدەنی و سیاسیین، كە لە مانگەكانی نێوان ئاب و تشرینی یەكەمی 2020 "بەشێوەیەكی هەڕەمەكی لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای پاراستنی پارتی دەستگیركراون".
 
رێکخراوەکە کەیسی شەش لەو دەستبەسەرکراوانەی بە "شوێنبزربوو" تۆماركردووە، كە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكان كردووە یان رەخنەیان لە دەسەڵاتدارانی ناوخۆ یان بەهۆی كاری رۆژنامەوانییەوە بووە. شەش كەسە شوێن بزربووەكان لە نێوان 10 رۆژ تاوەكو سێ مانگ شوێن بزركراون "ئەمەش بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتیی بە تاوان هەژمار دەكرێت". ئەمە بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە.
 
لە وەڵامی ئەو گردبوونەوانەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە ئاماژەی پێداون و بەو هۆیەوە رۆژنامەوانان و چالاکوانان دەستگیرکراون، نوسینگەی رێکخەر بۆ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لەو گردبوونەوانە هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێکرا و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی مەدەنی برینداربوون، هەروەها زیانی زۆر بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت کەوت".
 
ئەمنستی دەڵێت: "پێنج لەم كەسانەش بە شەش ساڵ بەندكردن سزادراون، ئەوانی بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە دادگایی كراون. چوار لەم كەسانەش هەڕەشە لە ئەندامانی خێزانەكانیان كراوە و گێچەڵییان پێكراوە و هەڕەشەی زارەكییان لێكراوە".
 
هەر لەبارەی كەیسی ئەم 14 كەسە، رێكخراوەكە دەڵێت: "هێزە ئەمنییەكان بەبێ فەرمانی دەستگیركردن و بەبێ روونكردنەوەی هۆكاری دەستگیركردنیان، هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكانیان و بردوویانن، تاوەکو ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە، پێنج لە دەستبەسەركراوەكان تاوەكو ئێستا رێگەیان پێنەدراوە چاویان بە كەسوكارەكانیان بكەوێت. لە كاتێكدا هێزەكانی ئاسایش لە هەولێر و دهۆك رەتیانكردووەتەوە ئەو دەستگیركراوانە لەلای ئەوان بن".
 
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، تیشك خراوەتە سەر دادگاییكردنی گیراوانی بادینان و ئاماژە بەوەكراوە تۆمەتی زۆر قورسیان خراوەتە پاڵ وەك سیخوڕیكردن بۆ لایەنی دەرەكی و زیان گەیاندن بە ئاسایش و سەروەریی هەرێمی كوردستان و پێدانی زانیاری هەستیار بە پەكەكە و مەترسی خستنە سەر ژیانی بەرپرسە باڵاكانی هەرێم و كۆكردنەوەی چەك و بەڕێوەبردنی گرووپی چەكداری نەناسراو. لە ئەنجامدا رۆژی 16ی شوباتی 2021 دادگای دووی تاوانەكان لە هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر هەریەك لەم چالاكوانانە سەپاندووە.
 
باس لەوەشكراوە، كە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نێردەی هاریكاری نەتەوە یەكگرتووەكان "یونامی" و لەبەرچاوی پارێزەران، گیراوانی بادینان بە دەستەی دادوەرانیان گوتبوو كە "ئاسایش دانپێدانانەكانیان لەژێر ئەشكەنجەوە وەرگرتوون و واژۆیان پێكردوون". پارێزەرانیش پێداگرییان لەسەر ئەوە كردووە، كەسیان دۆسیەی تاوانەكانیان پێش و پاش دادگاییكردنەكەشیان نەبینیوە.
 
نووسینگەی رێکخەر بۆ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: "حوکمەتی هەرێم رێککەوتنی لەگەڵ کۆمیتەی خاچی سوور هەیە و بەگوێرەی رێککەوتنەکە لایەنی ناوبراو بۆی هەیە بێ مۆڵەت سەردانی تەواوی زیندانی و سەنتەری چاکسازییەکان بکا لە هەرێم. یۆنامییش بەمدواییانە مۆڵەتی سەردانی پێدراوە. لە ژێر رۆشنایی ئەم رێککەوتنە، یۆنامی 14 سەردانی ئەنجامداوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ 60 زیندانی کردووە".
 
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ وەك لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە: "داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەكات كۆتایی بە هەڵمەتی ترساندن و تۆقاندن و دەستگیركردنی هەڕەمەكی و دادگاییكردنی نادادپەروەرانە و هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوە لە رۆژنامەوانان و چالاكوانان و كەسوكارەكانیان بهێنن".
 
هەروەها داوا دەكات دڵنیایی بدەن لە گۆڕینی دەستبەجێ و خێرای ئەو یاسایانەی خراپ پێناسەكراون و دەقەكانیان روون نین و لێڵن و گۆڕینی ئەو یاسایانەی بەكاردەهێندرێن بۆ زەوتكردنی ئازادیی رادەربڕین و گردبوونەوە و خۆپیشاندان. دڵنیایی بدەن كە یاساكان بەپێی پێوەر و ستاندەردە نێودەوڵەتییەكان هاوتەریب دابڕێژرێت. لێكۆڵینەوەكان لەژێر هەژموونی ئەشكەنجە نەكرێت.
 
نووسینگەی رێکخەر بۆ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن و ئازادی راگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی. حکومەت لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکان کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کوردستان بەتەواوی پابەنده بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لە بواری ئازادی میدیادا".
 


PM:06:40:15/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 3444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت