قوباد تاڵەبانی: كار لە‌سە‌ر شە‌فافتركردنی پرۆسە‌ی كۆكردنە‌وە‌ی داھاتە‌كان دە‌كە‌ین‌

‌قوباد تاڵەبانی

وێستگه‌ نیوز ـ
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێم له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگه‌كانی هه‌رێم رایگه‌یاند، دە‌بێت كار لە‌سە‌ر چالاكتركردن و رێكخستنی جوڵە‌ی بازرگانی بكە‌ن بە‌ مە‌بە‌ستی زیادكردن و ھە‌مە‌جۆركردنی داھات.



قوباد تاڵە‌بانی، بە‌ ئامادە‌بوونی ئاوات شێخ جه‌ناب، وە‌زیری دارایی و ئابووری و سە‌رۆكی دیوانی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، ئەمڕۆ سێشەممە 15 حوزەیرانی 2021، لە‌گە‌ڵ بە‌ڕێوه‌بە‌ری سه‌رجه‌م گومرگە‌كانی‌ ھە‌رێمی كوردستان و بانكە‌ بازرگانییە‌كان كۆبووەوە.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌، لە ‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا گفتوگۆ كرا لە‌بارە‌ی چاكسازی کردن لە‌ پرسی رێکخستنەوەی كارە‌كانی گومرگە‌كان و دە‌روازە‌ سنوورییە‌كان و كە‌مكردنە‌وە‌ی رۆتین بە‌ مە‌بە‌ستی زیادكردن و ھە‌مە‌جۆركردنی داھاتی دارایی و چالاكتركردنی جوڵە‌ی بازرگانی.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سە‌رۆك وە‌زیرانی هه‌رێم ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا، بە‌ھێزكردنی كە‌رتی تایبە‌ت و ھە‌مە‌جۆركردنی داھات یە‌كێكە‌ لە‌ کارە لەپێشینەکانیان و دە‌بێت ئاسانكاری بكرێت بە‌تایبە‌ت لە‌پرسی نە‌ھێشتنی رۆتین بۆ ئە‌وە‌ی جوڵە‌ی بازرگانی چالاكتر بێت.

ھە‌روە‌ك جە‌ختی لە‌وە‌ كردە‌وە‌ ‌بە‌ ئە‌لیکترۆنیکردنی كاروبار و مامە‌ڵە‌كان لە‌ دە‌روازە‌ سنوورییە‌كان ھۆكارێكە‌ بۆ‌ باشتر خزمە‌تكردن و نە‌ھێشتنی رۆتین و شە‌فافتركردنی پرۆسە‌ی كۆكردنە‌وە‌ی داھات، بۆیە‌ دە‌بێت بە‌ردە‌وام كاری پێ بكرێت.

ھە‌ر لە‌و كۆبوونە‌وە‌یە‌دا ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا: دوای دیاریكردن و خاڵبە‌ندیكردنی ھە‌رگرفتێك كە‌ رووبە‌رووی كاروباری گومرگە‌كان دە‌بێتە‌وە، دە‌بێت چارە‌سە‌ری بۆ دابڕێژرێت و لەمەشدا حكومە‌ت ھاوكاریان دە‌بێت.

دواتر بە‌ڕێوه‌بە‌ری گشتی گومركی ھە‌رێم راپۆرتێكی خستە‌ڕوو لە‌بارە‌ی پلانە‌كانیان و بڕی داھاتی دارایی لە‌ماوە‌ی رابردوو، هەروەها گرفت و لە‌مپە‌رە‌كانی جوڵە‌ی بازرگانی لە‌ دە‌روازە‌ سنوورییە‌كانی روونکردەوە و  ئاماژە‌ی بە‌ چارە‌سە‌رە‌ گونجاوەکانیش- دا كە‌ كاریان لە‌سە‌ر دە‌كرێت.


PM:04:16:15/06/2021










ئه‌م بابه‌ته 2940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو