حاکم قادر: زوڵم لە خزمه‌تگوزاریى ئاوەدانی سلێمانی ده‌كرێت

‌قادر حەمەجان

وێستگه‌ نیوز-
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی رایده‌گه‌یه‌نێت،، هەڵبژاردنی پاك‌و بێگەرد لە عێراقدا ناكرێ‌‌ و هەڵبژاردنی ئەمجارە تەزویری زۆری تێدا دەكرێت و لە سلێمانیش، مه‌لا به‌ختیاریش ده‌ڵێت، ئه‌و هێزانەی عێراق، دڵنیابن لەوەی ناتوانن لەهەڵبژاردندا سەنگی خۆیان بەدەستبهێننەوە لەدوای ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دۆخێكی زۆر خراپتر لەوەی هەیە دەخوڵقێنن.


بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵاو بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، مەلا بەختیار، عومەر فەتاح و حاكم قادر، ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی، لەگەڵ جەیمس سۆرنتن، كونسوڵی گشتی و كۆلۆنێل چارلی سایكس، راوێژكاری سەربازی بریتانیا لەكوردستان کۆبونەوە، حاكم قادر، سەبارەت بەدۆخی سلێمانی، رایگەیاند، "خزمەتگوزاری لە سلێمانیدا نییە، كە چەندین ساڵە و لەماوەی سێ‌ كابینەدا هێشتا رێگەی سەرەكی سلێمانی دەربەندیخان تەواو نەكراوە، خەلەكان و رانییە بەهەمان شێوە، هەر ئەمەشە وایكرد,وە خەڵك لەم ناوچەیە گلەیی و رەخنەیان هەبێت، هەردوێنێ‌ نەخۆشخانەی هیواش بەو هۆیەوە مانگرتنیان ئەنجامدا، دیاریشە كە زوڵمێك لە ئاوەدانی لەم ناوچەیە دەكرێت".

ده‌شڵێت، هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد لەعێراقدا ناكرێ‌ و "هەڵبژاردنی ئەمجارە تەزویری زۆری تێدا دەكرێت"، هەروەها ئەو سەروەت و سامانی زۆرەی عێراق كە باسدەكرێت دزراوە، لەلایەن كاربەدەستانی عێراقەوە دزراوەو هەمان دزەكان دەردەچنەوە.

حاكم قادر ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، "ئەگەر بمانەوێ‌ عێراق، عیراقێكی مەكەرزیی و بەهێزبێت، هەرگیز وایلێنایەت، چونكە سێ‌ ململانێی سەرەكی لە عێراقدا هەیە، سوننەو شیعە ناگونجێن، كوردیش لەگەڵ هیچیان ناگونجێ و ئەمەش راستییەكی حاشاهەڵنەگرە، كە راستی پێكهاتەی عیراق بەمشێوەیەیە، بۆیە دەبێ‌ بیر لە ئەجێنداو یٔەلتەرناتیڤێكی تازە بكەنەوە، بەدانیشتن لەگەڵ سەرجەم هێزو لایەنەكان، بەرێكخراوە مەدەنییەكانیشەوە، سەرەڕای ئەو مەترسیانە، هەژاری گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر عێراق، كە زۆر زیادی كردوە و بەردەوامیش دەبێت".

دوپاتیشیكرده‌وه‌، "هەروەك چۆن تا ئێستا بەشێكی دەستور لەعیراقدا جێبەجێ‌ دەبێت، ئەویش تەنها ئەو بڕگەو ماددە دەستوریانەن، كە لەبەرژەوەندی خۆیانن، هەربۆیە ئەو تەعریبەی لە خانەقینەوە تا شەنگال لەئێستادا لەسایەی كازمیدا جێبەجێ‌ دەكرێت، لەمێژوی رابردودا شتی وا روینەداوە، لەسایەی سوننەدا ئەنفال و كیمیاباران كراین، لەسایەی شیعەشدا ئەو حاڵەكەیە كە باشتر نییە و حەشدی شەعبی ئەجێندای تایبەتی خۆی هەیە".

مەلا بەختیار، سەبارەت بەهەڵبژاردنی ئاییندە رایگەیاند، "هەڵبژاردنی ئاییندە قورسە، چونكە یٔەو كێشانەی بونە هاندەر بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، كەمی نەكردوە، هەروەك داعش لەجموجۆڵی بەردەوامدایەو هێزەكانی عیراق‌و میلشاكانیش لەگەڵ سوپای عیراقدا، لەناكۆكی قوڵدان، هەربۆیە باوەڕم نییە هیچ لایەنێك موتەفائیل بێ‌ لەدۆخی ئێستا‌و ساڵی ئاییندە، بەهۆكاری ئەوەی كاریگەری دەرەكی، هێزی مێلیشیا‌و چەكدارە ناوخۆییەكان، وایانكردوە عیراق سەقامگیرنەبێ‌، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر رەوتی سیاسی هەیە".

ده‌شڵێت، ئەم هێزانەی ئێستای عێراق، ئەگەر دڵنیابن لەوەی ناتوانن لەهەڵبژاردندا سەنگی خۆیان بەدەستبهێننەوە ئەوا پێش هەڵبژاردن كێشە دروستدەكەن، یان لەدوای ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دۆخێكی زۆر خراپتر لەوەی هەیە دەخوڵقێنن.

هاوکات جەیمس سۆرنتن، كونسوڵی گشتی بریتانیا لەكوردستان، ئاماژەی بۆ خواستی وڵاتەكەی كرد لەجێبەجێكردنی دەستوری عێراق، تەئكیدیشی كردەوە كە ئەوان لەسەر سێ‌ بنەما لە عێراق كاردەكەن، لەناوبردنی داعش، عێراق ببێتە وڵاتێكی دامەزراوەییی و خۆی بڕیار بدات و سەروەرییەكانی خۆیشی بپارێزێت ‌و ببێتە خاوەنی ژێرخانێكی ئابوری پتەو، هەروەك خاڵی سێهەم كە بۆ ئێمە گرنگە یئەوەیە تاكی عێراق، بتوانێت بەشداری كاریگەری هەبێ‌ لەبڕیاری سیاسی و دیاریكردنی چارەنوسی خۆی.

كونسوڵی گشتی بریتانیا لەبارەی هەڵبژاردنی ئاییندەوە، بەگرنگییەوە خواستی وڵاتەکە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەرد دوپاتكردەوە و بەگرنگیشزانی كە متمانە بۆ هەڵبژاردن بگەڕێتەوە، تا زۆرینەی خەڵك بتوانن بەشداری لەپرۆسەكەدا بكەن ‌و بەبایەخیشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە نوێنەری راستەقینەی خەڵك بتوانن سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەكان بكەن.


PM:03:36:15/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 4472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو