حکومەتی عیراق یەکەم هەنگاوی دژی لەشکرییەکانی تورکیا لەناو خاکی هەرێم دەستپێکرد


وێستگه‌ نیوز ـ
لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عیراق رایگەیاند، حکومەتی فیدڕاڵی جموجۆڵی دبلۆماسی دەستپێکردووە لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی تورکیا کە لە نێو خاکی عیراق ئەنجامی دەدات.


لیوا یەحیا رەسوڵ، لە لێدوانێکی فەرمیدا رایگەیاند: جموجۆڵی دبلوماسی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عیراق  دەستیپێکردووە سەبارەت بە دەستدرێژییە دووبارەکراوەکانی تورکیا لە ناو خاکی عیراق کە پێویسته سەرجەم وڵاتان رێز لەسەروەری خاکەکەی بگرن.

وتەبێژی سەربازی هێزە چەکدارەکانی عیراق وتیشی: "دەستووری عیراق باس لە رێزگرتن لە بەها و سەروەری وڵاتانی دیکە دەکات و پێویسته بەهەمان شێوە وڵاتانی دیکە رێز لەسەروەری خاکەکەی بگرن.

لیوا یەحیا رەسول وتیشی، ئێمە رەتی دەکەینەوە خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، پێویسته تورکیا سەروەری عێراق بخاتە پێشچاوی خۆی و لەهەر کاتێکدا هەست بەنیگەرانی و هێرشی سەربازی بکات لەسەر وڵاتەکەی ئەوا زانیاری بدات بە عێراق بۆ ئەوەی ئێمە ئەو کارە لەئەستۆ بگرین.

لە 15ی مانگی رابردوو، بە بیانوی هەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" سوپای تورکیا هێرشەکانی بۆسەر هەردوو ناحیەی باتیفا و دەرکارێ لە سنوری قەزای زاخۆ دەستپێکرد و بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە، زیانی گەورە بە رەز و ماڵ و باخی هاوڵاتیان کەوت، پاش تێپەڕینی مانگێکیش بەسەر ئەو هێرشانەی سوپای تورکیادا، ئێستا دۆخەکە لەو ناوچانە ئارامتربووە.

ئەو هێرشانەش نارەزایەتی هاوڵاتیان و لایەنەکانی حکومەتی هەرێم و عيراقی لێکەوتەوە و داوای وەستاندنی هێرش و لەسکرکێشییەکانیان بۆسەر خاکی عيراق کرد.


PM:03:14:15/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 6264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو