ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمان: تەنها یەک لەسەر سێی داهاتی گومرگ بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە


وێستگەنیوز-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەرەڕای زیادبوونی جوڵەی بازرگانی لەدەروازە سنورییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێکی داهات و تەنها یەک لەسەر سێی داهاتی گومرگی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، چاوەڕێ دەکەن " دۆخی دارایی وەک خۆی بمێنێتەوە واتە 30 رۆژ جارێک موچە دەدرێت و لێبڕینیش بەردەوام دەبێت".

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان بە وێستگەنیوزی رایگەیاند، لەکۆی گومرگی دەروازە سنورییەکان ئەمساڵ داهات زیاترە لەساڵی رابردوو و وەزیری داراییش ئەوەی پشتڕاستکردوەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ زیادبوونی جوڵەی بازرگانی و کڕینی کاڵا و شتومەک دەگەڕێتەوە، هەروەها هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران سیاسەتی بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیان پەیڕەوکردوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەجۆرێک ساڵی رابردو تورکیا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەرێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ 20 ملیار و ئێرانیش بۆ 5 ملیار دۆلار بەرزکردوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان باسیان لە چاکسازی دەروازە سنورییەکان و پرسی موچە کردوە و "باوەڕمان وایە هەتا ئیرادەیەکی سیاسی لەکوردستان لەدایک نەبێت کەوابکات ئەو داهاتانەی هەن بگەڕێنێتەوە خەزێنەی گشتی، دۆخی دارایی وەک خۆی دەمێنێتەوە واتە 30 رۆژ جارێک موچە دەدرێت و لێبڕینیش بەردەوام دەبێت".

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد، بەهۆی "هەیمەنەی دوو هێزی دەسەڵاتدار، کۆمپانیاکاری و خاڵی گومرگییانەوە"، تەنها یەک لەسەر سێی داهاتی گومرگ بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.


هـ.هـ


PM:09:50:14/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 1392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت