موسڵمانانی رۆهینگا جارێکی دیکە بێ ماڵ و حاڵ بوون

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
پۆلیسی نیودەلهی رایگەیاند، لە ئاکامی کەوتنەوەی ئاگرێک لە یەکێك لە کەمپەکانی موسڵمانانی رۆھینگا، لە نزیک پایتەختی ھیندستان، 56 خێوەت سووتان و 270 موسڵمانی رۆهینگی بێ ماڵ و حاڵ بوون.



ئار پی میینا، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەکە راگەیاند، لە نزیک وێستگەی میترۆی کالیندی کونج لە باشووری رۆژھەڵاتی نیودەلھی پایتەختی هیندستان، ئاگر لە کەمپێکی موسڵمانەکانی رۆھینگا کەوتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەنجامی ئاگرەکە، 56 خێوەت سووتاوە کە شوێنی داڵدەدانی نزیکەی 270 ئاوارەی رۆھینگی بووە. دەشڵێت، "لە ئەنجامی ئاگرەکە کەس گیانی لەدەستنەداوە و هیچ کەسیش بریندارنەبووە".

بەرپرسی پۆلیسی ناوچەکە ئەوەشی ئاشکراکرد، توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەڵام ھێشتا ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە و کاری پێویست ئەنجامدراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە موسڵمانانی رۆهینگا لە ساڵی 2017  لە میانمار نزیکەی 40 هەزار موسڵمانی ئەو وڵاتە لە کەمپەکانی هیندستاندا جێگیربوون.



AM:08:52:14/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 2972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت