واشنتن پۆست: ئەمریکا و رووسیا رێککەوتوون هێرشی ئەلیکترۆنی دژ بە یەکدی ئەنجامنەدەن

‌رووسیا و ئەمریکا و 23 وڵاتی دیکەی جیهان یەک داوایان هەیە

وێستگە نیوز-

رووسیا و ئەمریکا و 23 وڵاتی دیکەی جیهان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نابێت وڵاتان لەکاتی ئاشتیدا هێرشی ئەلیکترۆنی بکەنە سەر یەکدی.
 

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، رووسیا، ئەمریکا و 23 وڵاتی دیکەی جیهان، لەنێویاندا چین، رێککەوتوون لەسەر گرنگیی کارکردن بەو پرەنسیپ و ستانداردە نێودەوڵەتییانەی کە رێگە بە هێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر ژێرخانی وڵاتانی یەکدی نادەن؛ ئەو وڵاتانەش، لە سەرووی هەموویانەوە رووسیا و ئەمریکا، جەختیان لەو پرەنسیپانە کردووەتەوە و دانیان بەوەدا ناوە کە نابێت ئەو وڵاتانە ببنە پەناگەیەک بۆ هێرشبەرە ئەلیکترۆنییەکان.
 
وێڕای جەختکردنەوەی رووسیا و وڵاتانی دیکە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت ئایا ئەو جەختکردنەوەیە پابەندبوونی رووسیا و وڵاتانی دیکەی وەکو چینی بەدواوە دێت یاخود نا، هەروەها نازانرێت رێککەوتنی ئەو وڵاتانە لەڕووی یاساییەوە بەدواداچوونی دەبێت یاخود نا.
 
ئیدارەی بایدن لە پابەندبوونی رووسیا بە گومانە و جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیانەی دەکرێنە سەر هەندێک دامەزراوە و ژێرخانی گرنگی ئەمریکا، مەترسیدارن، تەنانەت ئاستی مەترسییان زۆر لە قەبارەی ئەو نیگەرانییەی کە ئێمە دەرمانبڕیوە زیاتر و بەرزترە".
 
بە گوتەی سۆلیڤان، ئەوان ناڵێن رووسیا لەدوای هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئەمدواییەی سەر چەند دامەزراوەیەکی ئەمریکا بووە، "بەڵام دەزانین کە هێرشەکە لە رووسیاوە کراوە و ئێمە باوەڕمان وایە حکومەتی رووسیا دەتوانێت و دەشبێت لەو بوارەدا هەنگاو بنێت".
 


PM:10:52:13/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 3032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت