حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کامپی شاریا

‌دیمەنێک لە ئاگرکەوتنەوە لە کامپی شاریا

وێستگە نیوز-

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی رایگەیاند، بەبڕی 500 هەزار دیناری عێراقی قەرەبووی زیانلێکەوتوانی ئاگرەکەی کامپی شاریای دهۆك دەکەنەوە.

ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی کامپی شاریا کرد و دەشڵێت، لەو بڕە پارەیە 136خێزان سودمەند دەبن و بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بەدواداچوون بۆ کەسانی شایستە کراوە.

باسی لەوەشکردووە، پرۆسەی دابەشکردنەکە لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشەوە لە هەریەك لە نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرێوەبەری بەشی پارێزگاکانی ناوەڕاست و شانەی ئەمنی و بەرێوەبەری ناحیەی فائدە بەهەماهەنگی لەگەڵ کارگێری کامپکە بەرێوەدەچێت.

لە سەرەتای ئەم مانگە، ئاگر لە کامپی ئاوارەکانی شنگال لە کۆمەڵگەی شاریا لە قەزای سێمێلی سەر بە پارێزگای دهۆک کەوتەوە، بەهۆی ئاگرەکەشەوە شەش کەس برینداربوون، زیاتر لە 300چادر سوتان و 110چادری دیکەش زیانیان بەرکەوت.

کامپی شاریا؛ دەکەوێتە قەزای سێمێل لە سنوری پارێزگاى دهۆک و ئاوارە ئێزدییەکانى شنگالی تێدا نیشتەجێن، کە لە ساڵی 2014 دواى هێرشی داعش بۆ ناوچەکە ئاوارەبوون.


PM:08:57:13/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 2776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو