هاتووچۆی هەولێر لەسەر گیانلەدەستدانی ژینگەپارێزەکە ڕوونکردنەوە دەدات

‌گیانلەدەستدانی کرێکارێکی ژینگە پارێز

وێستگە نیوز-

وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە دوو هۆکار وەڵامی ئەوانە دەداتەوە، کە نیگەرانن و ڕەخنەیانگرتووە لە ڕووداوی گیانلەدەستدانی کرێکارێکی ژینگە پارێز کە لە ڕووداوێکی هاتووچۆی دەگمەندا و لەسەر شەقامی 120 مەتری شارەکە "سەری لە لاشەی" بوویەوە.


فازڵ حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، وەک ئاماژە دان بە نیگەرانییەکانی خەڵک دەڵێت، "لە پاش بڵاوکردنەوەی کارەساتەکەی ئەمڕۆ ئێوارەی سەرشەقامی 120مەتری کە تیایدا کارمەندێکی ژینگە پارێز بووە قوربانی، بە دەیەها کۆمێنت نوسرا، کە بەداخەوە زۆربەیان تەرکیزیان لەسەردووخاڵ کردووە".
 
بە وتەی ئەو، " هاوڵاتیان بۆیان نووسیوە نابێت شەقامی خێرا بەدەست پاک بکرێتەوە، هەروەها ئەوەشیان نوسیووە بۆچی شەقامەکە بەشەو پاکناکرێتەوە".

وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بۆ ئەوە ئاماژە بەوەدەکات، "وەلامی ئێمەش بۆ ئەوانە ئەوەیە ئۆتۆمبێلی تایبەت هەیە کە شەقامەکە پاک دەکاتەوە، بەڵام وادیارە لە بیرتان کردووە کە ڕۆژانە چەند بتڵی ئاوی بەتاڵ و دایبی پیس و جلی کۆنە فڕێدەدەنە سەرشەقامەکە و سەرشۆستەکان کە ئۆتۆمبێلی پاککەرەوە فڵچەکانی نایگاتێ".

فازڵ حاجی ئەوەشی نوسیوە، "بۆئەوانەکە دەڵێن بۆچی لەدرەنگانی شەو پاکی ناکەنەوە، با خۆیان هەر ئەمشەو جەولەیەک بکەن بە شەقامی 120مەتری لە دوای 12شەو باببینن چەند کەس پێشبڕکێ دەکەن چەند کەسیش لێخوڕین بەسەر خۆشی دەکەن، با بزانن ئایا خۆیان جورئەتی ئەوە دەکەن لێخوڕین بکەن، چونکە ئەوانە واتێگەیشتون شەقامەکە لە درەنگانی شەودەبێت بەبەهەشتێکی هێمن وئارام".

ئەمرۆ یەکشەممە، 16ی ئایاری 2021، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی تانکەرێکی ئاو کە منداڵێک لێی خوڕیوە و تیژڕەو بووە و خۆی کێشاوە بە ژینگەپارێزێکدا لەسەر شەقام، سەری لە لاشەی جیابووەوە و گیانی لەدەستداوە".

فازڵ حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لەسەر رووداوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، " رووداوەکە کاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ بووە و لەسەر شەقامی 120 مەتری روویداوە، کە شۆفێری تانکەرەکە 18 ساڵی تەواو نەکردووە و تاوەکو شیاو بێت بۆ لێخورێنی ئۆتۆمبێلی تایبەت نەوەک گشتی".

باسی لەوەشکرد، "رووداوەکە بەهۆی تیژڕۆییەوە بووە کە شۆفێرەکە کۆنتڕۆلی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە سیستمی بەرپەرچدانەوەی خێرا کە لەسەر دەروازەکانی 120 مەتری دانراوە، لەو کاتەشدا کرێکارێکی ژینگە پارێز کە بە رەگەز بەنگلادیشیە خەریکی کاری پاککردنەوە بووە لە دەروازەکە و تانکەرەکە بەرە و ئاڕاستەی ئەو ڕۆیشتووە".


PM:10:32:16/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 4340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت