لێدوانی وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار سەبارەت بەپەیوەندییەكانی ئێستای بەرهەم ساڵح و كازمی


وێستگە نیوز-

وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رەتیكردەوە گرفت لەنێوان سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراقدا دروست بووبێت و رایگەیاند، پەیوەندی نێوانیان باشە، بەردەوام یەك دەبینن.

وێستگە نیوز لە تێلیگرام جۆین بكە

حەسەن جیهاد، وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، پێش سەردانەكەی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، چەند جارێك چاوی بەسەرۆكی هەرێم و هۆشیار زێباری كەوتووە، ئەوانیش دەستپێشخەریەكەیان بەلاوە گرنگ بووە و وتی"دكتۆر بەرهەم بۆیە هات بۆ هەرێم، پەیوەندی نێوان لایەنەكان پێویستی بەپێداچوونەوە و چاككردنە، یەكڕیزی لەم قۆناغەدا بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە، هەروەها هەرێمیشی هاندا بۆ باشكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ بەغدا".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، لایەنەكان هەوڵەكانی سەرۆك كۆماریان پێباش بوو، بۆیە دوای هەوڵەكانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم هاتە سلێمانی و لەگەڵ لایەنەكان كۆبووەوە، ئومێد هەیە كۆبوونەوەكان بەردەوام بن، تا بگەنە ڕێككەوتن، بەتایبەت پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی ئاسایی بێت باشترە، وەك لەوەی ئێستا.

جیهاد كە بەشداری بەشێك لەدانیشتنەكانی نێوان سەرۆك كۆمار و لایەنەكانی كردووە، ڕوونیكردەوە دكتۆر بەرهەم و مەسعود بارزانی كۆبوونەوەیەكی دوور و درێژیان ئەنجامدا، لایەنەكانی تریش وەكو: یەكێتی، پارتی، كۆمەڵ و یەكگرتوو پشتگیری هەوڵەكانیان كرد، تا پەیوەندی نێوان لایەنەكان ئاسایی بێتەوە.

هەر بەپێی زانیاری سەرچاوەكانی دەنگی ئەمەریكا، پەیوەندی نێوان بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هەرچەندە ئاساییە، بەڵام گەرم و گوڕیەكەی جارانی نەماوە، هۆكاری ئەمەش بۆ بادانەوەی كازمی بەلای هەندێك لایەنی شیعە دەگێڕدرێتەوە، بەڵام حەسەن جیهاد رەتیكردەوە گرفت لەنێوان سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیراندا دروست بووبێت، وتی"پەیوەندی نێوانیان باشە، بەردەوام یەك دەبینن".


PM:07:48:16/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 3416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت